کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی نوێی لەسەر ڕێژیمی ئێران دانا

17:28 - 17 بەفرانبار 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ١٦ شیرکەت و کەسێکی پەیوەندیدار بە پیشەی فلزی ئێرانی گەمارۆ دا.

لەحاڵێکدا کە تەنیا دوو حەوتوو بۆ کۆتایی پێهاتنی سەرکۆماریی "دانڵد ترامپ" ماوە، وەزارەتی دەرەوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانبار، تەحریمی ١٦ شیرکەت و کەسێکی پەیوەندیدار بە پیشەی فلزی ئێرانی ڕاگەیاند.

بەپێی بەیانییەیەک کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڵاو کراوەتەوە، یەکێک لەو ١٦ شیرکەتە شیرکەتێکی چینییە.

شیرکەتی چینیی "کایفینگ پینگمی نییوو کەربۆن مەتریالز" ناسراو بە "کەی ئێف سی سی" کە شارەزایی لە بەرهەمهێنانی مادە کەربۆنییەکاندا هەیە، بەوە تاوانبارە کە لە دێسامبری ٢٠١٩ـەوە هەتاکوو ژووئەنی ٢٠٢٠ هەزاران تۆن مادەی بە پیشەی پۆڵای ئێران داوە.

لەو بەیانییەیەدا هەروەها نووسراوە کە ڕێژیمی ئێران داهاتەکانی بەدەستهێنراو لە پیشەی فلزی ئەو وڵاتە بۆ چالاکیگەلێک خەرج دەکات کە ناسەقامگیری لە سەرتاسەری جیهاندا دروست دەکات.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیانییەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەکتەرە سەرەکییەکانی پیشەی پۆڵای ئێران کە لەبەرگرەوەی ١٢ بەرهەمهێنەری پۆڵا و بەرهەمە فلزییەکانی دیکە لە ئێراندان و هەروەها ٣ نوێنەری فرۆش کە لە دەرەوەی وڵات جێگیرن و گرێدراون بە شیرکەتێکی گەورەی گەشەی کانگا و فلزاتی ئێران لە لیستی ئەو گەمارۆیەدایە.

لە لیستی ئەو گەمارۆوە نوێیانەدا ناوی هەندێک لە شیرکەتە ئێرانییەکان لەوانە: "کەشتیڕانیی حافزی دەریای ئارا، دامەزراوەی فوولاد پیشەی بۆناب، دامەزراوەی پیشەیی زەوب ئاسنی پاسارگاد، دامەزراوەی فوولادی ئەلبۆرزی ڕۆژئاوا، شیرکەتی فوولاد زەرەندی ئێرانییان، دامەزراوەی زەوبی فوولادی خەزەر، دامەزراوەی فوولادی گیلان، شیرکەتی فوولادی سیرجانی ئێرانییان و دامەزراوەی پیشەیی ئێسفەرایەن" نووسراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا "مەجید سەجدە" سەرۆکی بەڕێوبەریی شیرکەتی گواستنەوەی "حافزی دەریای ئارا"ی لە لیستی گەمارۆوە نوێیەکاندا داناوە.

بەپێی ڕێکاری نوێی ١٣٨٧١ی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا و هەروەها نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ناسراو بە "ئۆفەک"، ئەو گەمارۆوە نوێیانە لەژێر ناوی "پێشێلکردنی مافی مرۆڤـ"ـدا دانراون.