کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ئیزن نادات پارەی بلۆکەکراوی ئێران لە لۆکزامبۆرگ ڕادەستی ئەو ڕێژیمەوە بکرێتەوە

11:29 - 27 خاکەلێوه 2720

میدیاکانی ئامریکا لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە کە ئامریکا گەرەنتی وەرگرتووە پارە بلۆکەکراوەکەی ئێران لە لوکزامبۆرگ ڕادەستی ئەو ڕێژیمە نەکرێتەوە.

چەند ڕۆژ پێش "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد توانیویانە بڕی ١.٦ میلیارد دۆلار لە پارەی بلۆکەکراوی ئێران لە لۆکزامبۆرگ ئازاد بکەن.

دوای ئەو قسەیەی ڕووحانی دادگای لوکزامبۆرگ ڕایگەیاند، بڕیاری ئازادکردنی ئەو پارەیە بە فەرمی تەئید نەکراوە و ئامریکا دەتوانێت ناڕەزایەتی بەو بڕیارە دەرببڕێت.

لە ئێستادا ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیە کە دەستی بەسەردا  گیراوە بە ئێران نادرێت.

ئەو پارەیەی ئێران لە دامەزراوەی "کلێر ستیم" کە شیرکەتێکی ماڵیی سەر بە بوورسی دۆیچە وێلە لە لوکزامبۆرگە، دەستی بەسەردا گیراوە.

ساڵی ٢٠١٢ی زایینی دادگایەکی نیۆیۆرک بڕیاری دا دەبێ ئێران ٧ میلیارد دۆلار وەک غەرامەت بە قوربانییانی ڕووداوی ١١ی سێپتامبر بدات.

ئەو دادگایە لە حوکمەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد، ڕێژیمی تاران لە ڕێگای خاکی خۆی یارمەتی بە گرووپی تێرۆریستیی "ئەلقاعیدە" داوە  هەتا بتوانێت هاتوچۆ بکات.