کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ئیزنی بەستنی ڕێڕەوە نێونەتەوەییەکان نادات

12:19 - 14 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: پاش هەڕەشەکانی حەسەن ڕوحانی بۆ بەستنی گەرووی هورمۆز، ئەرتەشی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادات ڕێڕەوە نێونەتەوەییەکان ببەسترێن.

بیل ئوربان، وتەبێژی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی پاش ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی حەسەن ڕووحانی و چەندین کەسی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەستنی گەرووی هورمۆز، ڕایگەیاندووە کە ئەرتەشی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ئیزن بە بەستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێونەتەوەییەکان نادەن.

ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری ئاسۆشیتێدپرێس ڕایگەیاندووە: "هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی کە لە ناوچەدا جێگیر کراون، گەرەنتی بازرگانی نێونەتەوەیی و ئازاد بوونی ڕێڕەوە نێونەتەوەییەکان دەکەن".

حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ئێوارەی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئێرانییەکانی نیشتەجێی سویس باسی لەوە کردبوو، کە ئامریکاییەکان مانای قسەکانی خۆیان نازانن، چۆن دەکرێ نەوتی ئێران نەفرۆشرێت، بەڵام وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە ئازادانە بتوانن نەوتەکانیان بگەیەننە بازارە جیهانییەکان.

ڕۆژی چوارشەممە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیم، وێڕای ژیرانە و بەجێ زانینی ئەو قسانەی ڕووحانی، لە دووتۆی نامەیەکدا ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی هەر بڕیارێک کە لە بەرژەوەندی ڕێژیمدا بێت دەربڕی.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە بە تەواوەتی پێش بە فرۆشی نەوتی ئێران بگرێت".

لەگەڵ دەسپێکی خولی نوێی گەمارۆکان بۆسەر ڕێژیمی تاران، کە بڕیارە ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ دەست پێ بکەنەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا گەمارۆ بۆسەر نەوتی ئێران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوەوە.

 ئەو گەمارۆیانە هەموو مامەڵەکان لەگەڵ شرکەتی نێودەوڵەتی نەوتی ئێران و نەوتکێشەکانی ئێرانی لەخۆ دەگرێت و هەرجۆرە کڕین و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران قەدەغە دەکات.