"کۆشکی سپی" لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە کە دوو وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لەوە بەدوا هاوپشکی سەرەکیی تەناهیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەبن.
لەو بەیانییەیەی "کۆشکی سپیـ"ـدا نووسراوە: "ئەمە دۆخێکی تایبەتە کە لەلایەن ئامریکاوە بۆ ئیمارات و بەحرەین لە بەرچاو گیراوە".
کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە حزووری هێزی سەربازی، هەوایی و دەریایی ئامریکا لەو دوو وڵاتەدا، جەختی لەسەر بەڵێنیی ئەوان لە بواری بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ توندئاژۆییەکان لە ناوچەدا کردووەتەوە.
نووسینگەی سەرکۆماریی ئامریکا هەروەها وتوویەتی: "بە شێوەی تایبەت، دوو وڵاتی بەحرەین و ئیمارات، چەندین جار لە هاوپەیمانییە نیزامییەکاندا بە ڕێبەریی ئامریکا لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەشدارییان کردووە".
هەروەها کۆشکی سپی نووسیویەتی: "بڕیاری ئەمڕۆ ئاستێکی نوێ لە بەشداریی نێوان ئامریکا، ئیمارات و بەحرەین نیشان دەدات و پێناسەکەری بەڵێنییەکی بناغەیی بۆ هاوکارییە ئابووری و ئەمنییەتییەکانە".
ئامریکا هەروەها ئەو بڕیارەی خۆی ڕەنگدانەوەیەک لە "بوێری، ئیرادە و ڕێبەریی بێوێنە"ی ئەو دوو وڵاتە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا لە قەڵەم دا.