کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا "ئینستێکس" تەحریم دەکات

12:00 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا هەڕەشەی تەحریمکردنی "ئینستێکس"، کە ئورووپاییەکان بۆ درێژەدان بە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دروستیان کردووە، دەکات.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی جۆەزەردان، هەواڵدەریی "بۆلمبێرگ" بڵاوی کردەوە کە نامەیەکیان لەبارەی هەواڵی تەحریمکردنی "ئینستێکس" بەدەست گەیشتووە.

لەو نامەیەدا، "سیگال مندلکەر"، جێگری وەزیری وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "سیستمی ماڵیی ئینستێکس و هەموو ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئەم "ڕێ و شوێنە ماڵیـ"ییە هاوکاری دەکەن، دەکەونە بەر گەمارۆکانی ئامریکا و لە سیستمی دارایی ئامریکا وەلا دەنرێن."

دەوڵەتانی ئورووپایی "ئینستێکسـ"ـیان بەمەبەستی درێژەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دامەزراند.

لە دوای هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، پەیوەندییە دوولایەنەکانی ئورووپا و ڕێژیمی ئێران  بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. بەپێی ئاماری فەرمیی کۆمیسیۆنی ئورووپا، هەناردەکردنی کاڵای ڕێژیمی ئێران بۆ ئورووپا لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا بە نزیکەی ٨٧.٥ لەسەد کەمی کردووە کە بڕەکەی دەکاتە ٢١٧ میلیۆن یۆرۆ.

هەناردەکردنی ئورووپا بۆ ئێرانیش بە  نزیکەی ٥٦ لەسەد، کە بڕەکەی دەکاتە نزیکەی یەک میلیارد یۆرۆ کەمی کردووە.

پێشتریش "برایان هوک"، نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئامریکا لەبارەی کاروباری ڕێژیمی ئێران، لەبارەی "ئینستێکسـ"ـەوە ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئەم ڕێ و شوێنە ماڵییە بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی کاڵای گەمارۆلەسەر، کەڵكی لێ وەربگیردرێت، لەلایەن ئامریکاوە تەحریم دەکرێت.