کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێران دەبێت بە زووترین کات شارۆمەندانی ئامریکایی ئازاد بکات

10:45 - 13 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە چلەمین ساڵڕۆژی دەست بەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە لایەن ڕێژیمی خومەینییەوە، داوای کرد هاووڵاتییانی ئامریکایی دەسبەسەرکراو لە ئێران ئازاد بکرین.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەر ،هاوکات لەگەڵ چلەمین ساڵوەگەڕی دەست بەسەرداگرتنی سەفارەتی ئامریکا لە تاران و هەروەها بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتکارانی ئامریکایی لە ئێران، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بەڕێوە چوو، باسی لە لەخۆبوردوویی و ئازایەتی ئەو دیپلۆماتانە کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاش دوای ئاشکرا کردنی ئەو ڕاگەیەندراوە لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕوو لە "جەواد زەریف" و"عەلی خامنەیی" و "حەسەن ڕووحانی" داوای کردووە کە دەبێت تەواوی ئەو شارۆمەندە ئامریکاییانەی کە لە لایەن ئێرانەوە زیندانی کراون یا بێسەروشوێنن، وەکوو" ڕابێرت لوینسۆن، سیامەک نەمازی و ژیو وانگ" ڕادەستی ئامریکا بکاتەوە.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی شەممە ١١ی خەزەڵوەر لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا ڕایگەیاند کە دەبێت شارۆمەندانی ئامریکایی و باقی وڵاتانی دیکە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیندانی کراون ڕادەست بكرێنەوە، چونکە ئێران بەپێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ئەوانی ڕاگرتووە.

دەسبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئامریکا، لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی هەتاویدا، لە لایەن تاقمێکی سەرەڕۆ بەناوی خوێندکارانی پەیڕەوی خومەینی ئەنجام درا. لەم کردەوە نایاسایی و دژ بە ئوسوولەدا، ٦٦ کەس لە کارمەندانی ئەو باڵوێزخانەیە دەسبەسەر کران و هەروەها دەست بەسەر کۆمەڵێک بەڵگە و ئەسنادی دەوڵەتی ئامریکاشدا گیرا، کە لە راستیدا ئەم کردەوە تەنیا لە تاقمێکی مافیا و ناشارەزا لە بواری حکوومەتداری دەوەشێتەوە کە هەتا ئێستەش نرخی ئەم نەزانکاری و سەرەڕۆییە خەڵکی ئێران دەیدەنەوە.