کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێران لە بواری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخی مرۆڤ یەکێک لە ناسەرکەوتووترین وڵاتانە

12:16 - 29 پووشپەڕ 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە قاچاخی مرۆڤ لە جیهان، ئێرانی بە یەکێک لە وڵاتانی ناسەرکەوتوو لە بواری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردەیە زانی.

ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشمەممە ٢٨ی پووشپەڕ بڵاو بووەوە، باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران لانیکەمی ستانداردەکان بۆ سڕینەوەی قاچاخی مرۆڤی لەبەر چاو نەگرتووە و تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی پەتای کۆرۆنا کە لەسەر توانایی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخی مرۆڤ داناوە، دیسان دەتوانرێت بوترێت کە هەوڵێکی ئەوتۆی ئەنجام نەداوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بەو هۆیەوە ئێرانی لە پلەی سێ لە تەنیشت وڵاتانێکی وەکوو ''ڕووسیە، چین، بێرمە، کوبا، ئەفغانستان، سووریە و کۆرەی باکوور'' داناوە کە کەمترین ستانداردەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخی مرۆڤ هەیە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕێژیمی ئێران هەروا سیاسەتی بەکاربردنی منداڵسەرباز و فریودانی گەورەساڵان بۆ پەیوەستبوون بە گرووپە میلیشیاکان لە شەڕی سووریە بەڕێوە دەبات.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، هەواڵدەریی فەرمیی ڕێژیمی ئێران ''ئیرنا'' لە کاردانەوە وتوویەتی کە هیچ بەڵگە و دێکۆمێنتێک لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بوونی نییە و ئامریکا دەیهەوێت لە ڕێگای ئەو کارانەوە ڕای گشتی لە بواری قاچاخی مرۆڤ بەلاڕێدا ببات.