کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێران پاڵپشتی لە تێرۆریزم دەکات

10:20 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا لە نوێترین بەڵگەدا لەژێر ناوی "ستراتیژیی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ تێرۆریزم، ڕێژیمی ئێرانی بە پاڵشتی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساند.

لە ماوەی ڕابردوودا ئامریکا بەردەوام جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتی لە تێرۆریزم دەکات و دژی کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچە و وڵاتانی ئورووپایی هەڵوێستی گرتووە.

لە بەشێکی ئەو ستراتیژییەی ئامریکادا هاتووە، هەڕەشە تیرۆریستییەکان ئەمڕۆ زۆر ئاڵۆزتر، جیاوازتر و خێراترن لە هەر کاتێکی دیکەدا. گرووپە تێروریستییەکان و تۆڕە گرێدراوەکانیان وەکوو ئەلقاعیدە، دەوڵەتی ئیسلامیی داعش و ئەوانەی ئێران پشتگیریان دەکات بەردەوامن لە ئامانج کردنی ئێمە، هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانمان. 

لەو بەڵگەیەدا باس لەوە کراوە کە حیزبوڵڵا گرووپێکی تێرۆریستییه کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لێ دەکات. هەروەها ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان بۆ دزەکردنی خۆی عێراق، لوبنان، فلستین، سووریە، یەمەن و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت.

"جان بۆلتۆن" ڕاوێژکاریی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئامریکا، ئەو بەڵگەیەی گشتگیرترین و باشترین ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی تێرۆریزم وەسف کردووە.

"دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا جەختی کردووەتەوە کە تۆڕی تێرۆریستیی جیهانیی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لێ دەکات پاشکشە پێ دەکەین.

ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا سه‌دان تێرۆری له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام داوه‌ و ئێستا له‌ سه‌ره‌كیترین پشتیوانانی ڕێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كانی وڵاتانی دیكه‌ دێته‌ ئه‌ژمار. 

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم بەردەوام ناڕەزایەتیی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوای لێ کەوتووەتەوە و هەروەها ئەمساڵیش وەزارەتی دەرەوی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانیی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساند.