کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێران ئەندامێکی سپای لەژێر ناوی باڵوێز ناردووەتە یەمەن

17:26 - 1 خەزەڵوەر 2720

"مۆرگان ئۆرتگاس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران ئەندامێکی سپای پاسدارانی لەژێر ناوی باڵوێز ناردووەتە وڵاتی یەمەن.

"ئۆرتگاس" ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ ی ڕەزبەر لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران "حوسێن ئیرلوو" کە ئەندامێکی سپای پاسداران و بەستراوە بە "حیزبوڵـڵای لوبنان" بە شێوەی قاچاخ و لەژێر ناوی باڵوێزی خۆی ناردووەتە لای حوسییەکانی یەمەن.

ناوبراو ئەم کارەی ڕێژیمی ئێرانی بە بشێوی و ئاژاوەنانەوە وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت لەو ڕێگایەوە دزەی خراپ و نامرۆڤانە لەو وڵاتەدا بکات و خەڵکی یەمەن پێویستە ئیزن بەو کارە نەدەن.

وڵاتی ئامریکا، عەرەبستان، دەوڵەتی یاسایی یەمەن و هاوپەیمانان، تارانیان بەوە تاوانبار کردووە کە چەکوچۆڵ و بەتایبەتی مووشەک دەدات بە حوسییەکانی یەمەن کە کۆنترۆڵی شاری "سەنعا"ی پێتەختی وڵاتی یەمەنیان بە دەستەوەیە و بەم کارە ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

پێشتر نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەندامانی شورای ئەمنییەت کردبوو، پەیوەست بن بە بانگەوازی ئامریکا بۆ کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە یەمەن.

پێشتر"کێلی کرێفت" نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا ئێرانی بەوە تاوانبار کردبوو کە یارمەتی و ڕاهێنانی ئەو ڕێژیمە بۆ چەکدارانی حوسی دەبێتە هۆی شەڕی نەبڕاوە و کارەساتی مرۆیی لە یەمەن.