کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێرانییەکان لە نێو ترس و ئازاردا دەژین

10:50 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: برایان هووک نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران لە دانیشتنێکی نێونەتەوەییدا باسی لە دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران و زوڵم و زۆرییەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بەوان کردووە و ڕایگەیاندووە کە خەڵکی ئێران لەنێو ترس و ئازاردا دەژین.

لە ڕەوتی دانیشتنێکی تایبەتدا لە ژێر ناوی " کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ئازادیییە دینییەکان" برایان هووک نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران وتوویەتی: "هەموو ڕۆژێک لە ئێران ژنان و پیاوان بەهۆی باوەڕە دینی و مەزهەبییەکانیانەوە دەکەونە ژێر ئازار و بە ترس و دڵەڕاوکێوە ژیان دەبەنە سەر".

وتوویشیەتی: "بەهاییەکان، مەسیحییەکان، یەهوودییەکان، زەردەشتییەکان، موسوڵمانانی سووننی مەزهەب و دەروێشەکان ئامانجی دیاری ئەم ڕێژیمەن؛ سووننی مەزهەبەکان بەردەوام سەرکووت دەکرێن، بەشێوەی خۆسەر دەکوژرێن، کەمینە ئایینییەکان بەشێوەی خۆسەرانە دەسبەسەر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و تەنانەت ئیزنی سازکردنی شوێنی نزا و پاڕانەوەی تایبەتی خۆیان پینادرێت".

بەوتەی برایان هووک ئەم بارودۆخە دەرخەری چەواشەکاری ڕووت و ڕەهای ڕێبەرانی ڕێژیمی تارانە کە خۆیان بە داشداری دنیای ئیسلام دەزانن.

بارودۆخی ئازادی مەزهەب و ئایینەکان لە ئێراندا تاکوو ئێستە بە دەیان جار ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە هەڵاواردنەکان دژ بە کەمینە مەزهەبییەکان کردبوو.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاشدا ئێران وەک پێشێلکاری ئازادی مەزهەبەکان ناودێر کرابوو کە ئەم ڕاپۆرتە دژکردەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.