
کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولێر، لە پەیامێکدا هێرشی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە لەسەر پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە و شکستدانی داعش، پێداگرین".
لەو پەیامەدا هاتووە: "بە توندی هێرشی تێرۆریستی و ترسنۆکانەی داعش ئیدانە دەکەین. ئەوپەڕی سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە ئازایانە دەکەین کە لەو هێرشەدا گیانیان سپارد و بریندار بوون".
شەوی پێش تێرۆریستانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و لە کاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ماشینێکی پێشمەرگەکاندا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چواری دیکەش بریندار بوون.