کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئەو شیرکەتانەی کە هاوکاریی شیرکەتی ماهان دەکەن، لەگەڵ گەمارۆکانی ئێمە بەرەوڕوو دەبنەوە

13:34 - 31 بانەمەڕ 2720

شیرکەتێکی چینی بەهۆی ئەوەیکە هاوکاریی فڕۆکەی "ماهان ئەیر"ی ڕێژیمی ئێرانی کردبوو، لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆی لەسەر خرا و لەمبارەوە وەزیری دەرەوەی ئامریکا بەیانییەیەکی بڵاو کردووە.

''مایک پۆمپێئۆ''، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە بەشێک لەو بەیانییەدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاو بووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە چین یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئێستاش پێشوازی لە فڕۆکەکانی شیرکەتی ماهان ئەیری ڕێژیمی ئێران دەکات.

''پۆمپێئۆ'' جەختی کردەووە، فڕۆکەکانی شیرکەتی ماهان، چەکوچۆڵی تێرۆریستەکان لە گۆشە و کەناری جیهان بۆ ڕێژیمی ئێران ڕادەگوازێت. هەروەها هاوکاریکردنی ئەم شیرکەتە فڕۆکەوانییە لێکەوتەی دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیانییەیەدا دەڵێت: ''ئامریکا خۆشحاڵە لەوەیکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەوڵەت و شیرکەتەکان لە ئورووپا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا، هاوکارییەکانی خۆیان لەگەڵ شیرکەتی ماهان ئەیر پچڕاندووە".

ناوبراو وتی، ئەو شیرکەتانەی کە ئێستاش درێژە بە خزمەتگوزارییەکانیان بە فڕۆکەکانی ماهان دەدەن، چ لە چین یان هەر شوێنێکی دیکە بن، لەگەڵ گەمارۆکانی ئامریکا ڕووبەڕوو دەبنەوە.

هەروەها چەند ڕۆژ لەمەوپێش، ''مۆرگان ئۆرتێگاس''، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، داوای کردبوو کە وڵاتانی جیهان شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەکی کۆمەڵکۆژ و پشتیوانی لە تێرۆریزم و بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا، تەحریم بکەن.