کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئەگەر ڕێژیمی ئێران پێشنیارەکانی دانوستان قەبووڵ نەکات، بژاردەکانی دیکە تاوتوێ دەکەین

10:20 - 30 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، "لۆوید ئاستین" وەزیری بەرگریی ئامریکا لە دانیشتنی ساڵانەی "وتووێژی مەنامەی" وتوویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە مەشتومڕی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە دوای ڕێگاچارەی دانوستانە، بەڵام ئەگەر ئەو ڕێژیمە ئامادە نەبێت ئەو بابەتە قەبووڵ بکات، ئەوە هەموو بژاردەکان لەبەرچاو دەگرین".

هەروەها "ئاستین" وتی: "هەڵسوکەوتی تاران لە مانگەکانی ڕابردوودا دڵخۆشییەکی ئەوتۆی نەبووە و ئامریکا ناچارە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی وڵاتەکەی بژاردە هەرە پێویستەکان تاوتوێ بکات. واشنتۆن ئیزن نادات ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات".

بڕیار وابوو قۆناغی حەوتەمی دانوستانەکانی بەرجام لە دوای چەند مانگ، ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر لە "ڤییەن" بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ٤ کۆ ١ و بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئامریکا بەڕێوە بچێت.