کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئەگەری بەکاربردنی بژاردەی نیزامی لە بەرانبەر دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی هەیە

12:27 - 29 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا هۆشداریی بە ئێران داوە کە بۆ پێشگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنیان بە چەکی ناوکی، بە ئەگەری زۆرەوە بژاردەی نیزامی بە کار دێنێت.

"دانێڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بڵاڤۆکی "تایم"، لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە لە نێوان ئەو هەوڵانەی ئێراندا کە ئەنجامی دەدات، بۆ کامەیان بژاردەی نیزامی بەکار دێنن، ڕایگەیاند: "سەبارەت بە پێشگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، بە دڵنیاییەوە ئەگەری بەکاربردنی بژاردەی نیزامی لە بەرچاو دەگیرێت".

ئەم قسانەی سەرکۆماری ئامریکا لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان ڕایگەیاندبوو کە پیتاندنی ئۆرانیۆم، چوار هێندە هەڵکشاوە و تا ١٠ ڕۆژی داهاتوو لە ئاستی ٣٠٠ کیلۆ ئۆرانیۆم تێدەپەڕێت.

هەروەها شۆرای تەناهیی نەتەوەیی کۆشکی سپی، لە کاردانەوە بەرانبەر بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی زۆربوونەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، وتبووی: "هەوڵ بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بارمتەگیریی ناوکیی ئێرانە، کە دەبێ لەگەڵ گوشارە نێودەوڵەتییەکان بەرەوڕوو ببێتەوە".

لە ڕێککەوتننامەی ناوکیی ناسراو بە "بەرجام"، لە بەشێکدا باس لەوە دەکات کە لە ئەگەری لادانی ئێران لە بەڕێوەبردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە، تەواوی گەمارۆکانی پێش ئەو ڕێککەوتننامەیە لەسەر ڕێژیمی ئێران دووبارە دەبنەوە.