کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ئەیهەوێ پێش به کردەوە دوژمنکارانەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بگرێت

11:06 - 26 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە کۆنفرانسی وەرشۆدا باسی لەوە کردووە کە خوازیاری دۆزینەوەی ڕێگایەکە بۆ پێشگرتن لە هەڕەشەکانی جیهان لە تێرۆریزم و لەم پێناوەدا ئەیهەوێ پێش به کردەوە دوژمنکارانەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران بگرێت.

 مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە کۆنفرانسی وەرشۆدا ڕایگەیاندووە که خوازیاری پێشگرتن به کردەوە دوژمنکارانەکانی قاسم سلێمانی و حەسەن ڕوحانییە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی:"هیوادارم دانیشتنی وەزیرەکان بۆ بەهێزکردنەوەی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ببێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاشتی لە ناوچەکەدا و بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین یارمەتیدەر بێت."

پۆمپێئۆ لە سەر هەوڵەکانی خۆیان بۆ باشترکردنی دۆخی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین جەختی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە لە گوشارهێنان بۆ سەر ئێران هەڵەمان نەکردووە، هەروەها لە زاری ترامپەوە وتوویەتی: ئامریکا لەسەر بەڵێنەکەی خۆی سوورە که هەموو وڵاتانی جیهان بەو قەناعەتە بگەیێنێت که قازانجی گشتی لەوەدایە بەرپرسانی رێژیم و لەوانە ئایەتووڵڵاکان، حەسەن ڕۆحانی و قاسم سڵێمانی لەو پارەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی گەورەترین تۆڕی تێرۆریستی لەجیهاندا پێویستیەتی بێبەری بکەین.

ئەم بەرپرسە ئامریکاییە، ئێران و حیزبوڵلای بە مەترسی و هەڕەشەی جیددی بۆسەر ناوچەکە ناو بردووە و وتوویەتی: واشێنگتۆن ئەیهەوێ به وەگەڕخستنەوەی گەمارۆی زیاتر، کردەوە دوژمنکارانەکانی قاسم سڵێمانی و حەسەن ڕۆحانی لە ناوچەکەدا ڕابگرێت.

پۆمپێئۆ، هەر لە کۆنفرانسی وەرشۆدا باسی لەوە کردبوو که ئێران گەورەترین هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوینە و جیهان ناتوانێ به بێ دەرگیربوون لەگەڵ ئێراندا ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا جێگیر بکات.