کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنیۆ گۆترێش: چەکوچۆڵی ئێران لە یەمەن دۆزرایەوە

12:29 - 21 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، چەکوچۆڵی قورسی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن دۆزراوەتەوە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە هاتووە، "ڕاکێت‌هاوێژی دژەتانک" کە دروستکراوی ئێرانه لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانییەتی عەرەبی لە یەمەن دۆزراوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو ڕاکێت‌هاوێژانەی ڕێژیمی ئێران ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ی زایینی دروست کراون؛ هێزەکانی عەرەبستان هەروەها مووشەکێکی زەوی بۆ ئاسمانیان دۆزیوەتەوە کە دروستکراوی ڕێژیمی ئێرانه.

بڕیاره "ئانتۆنیۆ گۆترێش" لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەم مەسەلە بخاتە بەر باس کە لەو کۆبوونەوەیەدا "مایک پۆمپێئۆ"ش بەشدار دەبێت.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز، به ڕەخنەی توند لە ڕێژیمی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نێوخۆیی یەمەن وتی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پێی خۆش نییە ڕەنج و خەمی خەڵکی یەمەن کەم بێتەوە".

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ "خالید ئەلیمانی" وەزیری کاروباری دەرەوەی یەمەن باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی بۆ پێشگرتن لە جەنایەتی میلیشا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی جیددی دەگرێتە بەر.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی یەمەن، سووریە و چەندین وڵاتی دیکە بەردەوام ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەمنییەتیی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتووەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم درێژە بە دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتانەدا دەدات.