کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانفوڵانزا لە پارێزگای سنە ١٠ قوربانیی لێکەوتووەتەوە

11:31 - 20 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: نەخۆشیی ئانفوڵانزا لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە شێوەیەکی مەترسیدار لە تەشەنەسەندندایە و بەردەوام دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی تووشبووانەوە.

بەپێی نوێترین ئامارەکان، ڤایرۆسی ئانفوڵانزا لە پارێزگای سنه گیانی ١٠ کەسی ئەستاندووە و هاوکات بە شێوەیەکی مەترسیدار تەشەنە دەستێنێت.

لە قوروە ٣ کەس، مەریوان ٢ کەس، بانە یەک کەس، سنە یەک کەس، دیواندەرە یەک کەس، سەقز یەک کەس و بیجاڕ یەک کەس، بەهۆی ئانفوڵانزاوە گیانیان لەدەست داوە.

پێشتر زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای سنە بڵاوی کردبووەوە، ٣٤ کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە کە لەو ڕێژەیە ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە کە یەک کەسیان خەڵکی مەریوان بووە.

هاووڵاتییان لە پارێزگای سنەدا باسیان لەوە کردووە، ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو شارە، تووشی پەتا و ئانفوڵانزا بوونە و نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو قەرەباڵغن.

ئانفوڵانزا نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و زیاتر لە وەرزە ساردەکاندا خۆی نیشان دەدات و بە شێوەیەکی خێرا و زیاتر لە ڕێگای دەستەوە تەشەنە دەستێنێت.