کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانفوڵانزا لە ئێران بەردەوام قوربانی دەگرێت

11:55 - 10 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: نەخۆشیی ئانفوڵانزا لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە شێوەیەکی مەترسیدار لە تەشەنەسەندندایە و بەردەوام دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی تووشبووان.

بەپێی نوێترین ئامارەکانی زانکۆی زانستی پزیشکی، ڤایرۆسی ئانفوڵانزا بە شێوەیەکی مەترسیدار خەریکە تەشەنە دەستێنێت و هەندێک ئاماری سەبارەت بە تووشبووان و گیانلەدەستداوانی ئەو نەخۆشییە بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای سنە، ٣٤ کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە کە لەو ڕێژەیە ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە کە یەک کەسیان خەڵکی مەریوان بووە.

هاووڵاتییان لە پارێزگای سنەدا باسیان لەوە کردووە، ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو شارە، تووشی پەتا و ئانفوڵانزا بوونە و نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو قەرەباڵغن.

ئانفوڵانزا نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و زیاتر لە وەرزە ساردەکاندا خۆی نیشان دەدات و بە شێوەیەکی خێرا و زیاتر لە ڕێگای دەستەوە تەشەنە دەستێنێت.