کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوارەبوونی لاوانی کوردستان، بەهۆی بێکاری و گرانییەوە

17:20 - 28 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی بێکاری و گرانییەوە، بەشێکی بەرچاو لە لاوانی کوردستان بەگشتی و شاری سەقز بەتایبەتی، ناچار بوونە زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی شارەکانی کوردستان و شاری سەقز بە تایبەتی، ڕۆژبەڕۆژ بەرەو دۆخێکی خراپ و پڕ لە قەیران هەنگاو دەنێت.

بەهۆی نەبوونی کار و داهات، لاوان و پیاوانی زۆربەی شارەکانی کوردستان ڕێگای دەرەوەی شوێنی ژیانی خۆیان دەگرنە بەر و لەم ژیانە ئاوارەییدا تووشی حاڵەتگەلی ناخۆش و پڕ لە مەترسی دەبن.

ڕێژیمی داگیرکەری ئێران کە مان و ژیانی خەڵکی کوردستانی بۆ گرینگ نییە، بەپێی پلانی سیستماتیک هەوڵ دەدات کە ئەم ڕەوتی ئاوارەبوون و بێکارییە لە کوردستان درێژە بکێشێت، هەتا خەڵکێکی زیاتر نوقستان یان لەنێو بچن .

تیغی بێکاری و بێداهاتی ڕۆحی گەورەی بنەماڵەکان و لاوەکان دەکاتە نیشانە و هەر بۆیەش ئەوان ناچارن بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن .

بەندەری گەناوە، هەرێمی کوردستان، وڵاتانی ئەورووپایی، کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان، ڕێگای شاری قەیدار بەرەو تاران، دەستفرۆشیی سەر شەقامی شارە گەورەکان، نیشتەجێبوون بە بنەماڵەوە لە شارەکانی وەک تاران و تەورێز و شارەکانی باکووری ئێران و...، ئەو شوێنانەن کە لاوەکانی شاری سەقز لە ڕووی ناچارییەوە و بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ڕوی تێ دەکەن .