کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوڕنەدانەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم بە کێشەکانی مەهاباد، خەڵکی وەزاڵە هێناوە

19:18 - 27 گەلاوێژ 2720

لە ئاکامی گرینگینەدان و ئاوڕنەدانەوەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد، ئەو شارە تووشی کێشەگەلی جیددی بووەتەوە و خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری هەریەکە و بەهۆی گرفتارییەک هاواریان لێ بەرز بووەتەوە.

هاووڵاتییان لە مەهاباد بەنیسبەت دۆخی خراپی کوچە و کۆڵانەکانی ئەو شارە کە کێشەی بۆ دروست کردوون دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بووەتەوە و دەڵێن کە هیچ ناوەندێک بەنیسبەت ئەو دۆخەوە وڵامدەر نییە.

هەروەها خەڵکی ئەو شارە بەتایبەت لە گەڕەکی ''ئازادگان'' بەنیسبەت ئەو سەگە بەڕەڵایانە کە لەنێو کوچە و کۆڵانەکاندا وێڵن، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دەڵێن کە ئەو سەگە بەڕەڵایانە مەترسییەکی زۆری بۆ سەر منداڵەکانمان دروست کردووە و هیچ کەس گرینگییەک بەم دۆخە نادات.

لەلایەکی دیکەوە خەڵکی گوندەکانی ''قەرەداغ و قزڵقۆپی'' سەر بە مەهاباد، بەهۆی نەبوونی بی ئاوی وەزاڵە هاتوون و دەڵێن: "لە بەیانییەوە هەتا کاتی شەو ئاوی ئەو گوندانە دەپچڕێت و ژیانمان نەماوە، هیچ کەس وڵامدەر نییە و نازانین چ بکەین".

هەندێک لە هاووڵاتییان بەنیسبەت پرۆژە بەجێماوەکانی وەک جادەی دارەلەک هەتا مەهاباد و هەروەها دۆخی چاوەدێری بەسەر تاکسیڕانیی ئەو شارە کە بە یەک شێوە چاوەدێرییان بەسەردا ناکرێت و چەندین کێشەی دیکە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە شارەداریی مەهاباد نوقمی قەیران بووە و گەندەڵیی ماڵیی کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم لە ئاستێکدا بووە کە لە چەند حەوتووی ڕابردوو، نزیک بە ١٠ کەس لە کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.