کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوە ٧ تا ١٥ لەسەد گران دەبێت

11:33 - 23 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەپێی بڕیاری شۆرای ئیسلامیی شاری تاران، نرخی ئاوی خواردنەوە لەم شارە، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزدا،  ٧ تا ١٥ لەسەد زیاد دەکات.

لە کۆبوونەوەی هاوبەشی شۆرای ئیسلامیی شاری تاران، لەگەڵ محەممەدڕەزا بەختیاری، بەرپرسی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئەم شارە، کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا بەڕێوە چوو، بڕیار درا که نرخی ئاوی خواردنەوەی تاران لە ٧ بۆ ١٥ لەسەد زیاد بکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە شارەکانی دیکەش سەرەڕای گرانبوونی نرخی ئاوی خواردنەوە، باس لە جەریمەکردنی ئەو کەسانە کراوە کە ئاوی زۆر بەکار دێنن.

بەرپرسی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئێرانیش لە مانگی ڕابردوودا، باسی لەوە کردبوو، کە زۆربە بەکارهێنەرانی ئاو دەبێ بە شێوەیەک پارەیان لێ وەربگیردرێت کە ببێتە هۆی ئەوەی کە دەست پێوە بگرن و کەمتر ئاو بەکار بێنن.

گرانکردنی نرخی ئاو لە حاڵێکدایە، کە شارەکی دووشانی شاری سنە، یەکێک لەو شوێنانەیە کە نزیک بە ٢٠ ڕۆژە ئاوی نییە و خەڵک بۆ پاراستنی بێهداشت و پاک و خاوێنیش ناچارن ئاوی مەعدەنی بکڕن .

بەرپرسانی ئیدارەکانی ئاو، کارەبا و گاز هەموو ساڵێک نرخەکان بەرز دەکەنەوە و لە ئەگەری ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکیش ئەو گرانبوونە بە ئاسایی و بۆ نەمانی سەرچاوەکان دەگەڕیننەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی پارە لەدەستچووەکانی خۆیان لە وڵاتانی دیکە کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەندێکیان و بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە هەندێکی دیکەیاندا بەکار دەچێت، پارەی ئاو و کارەبای خەڵک زیاد دەکەن و لە نوێترین حاڵەتیشدا ئەو سەرچاوانە بە شێوەی جیرەبەندی و بە پارەیەکی زۆرەوە بۆ خەڵک دابین دەکەن.