کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوە لە بەلووچستاندا جیرەبەندی کراوە

13:18 - 6 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئاوی خواردنەوە لە بەلووچستاندا جیرەبەندی کراوە و ڕێژیمی ئێران کارتی تایبەت بە ئاوی دروست کردووە.

پاش بارانبارینەکان لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران و ڕووداوی کارەساتی زیانباری لاوفاوەکان کە بەشێک لە بەلووچستانیشی گرتەوە و سەرەڕای زۆربوونی ئاو لەو ناوچانە و سەرتاسەری ئێراندا، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکانی بەلووچستان ئاوی خواردنەوەی جیرەبەندی کردووە و کارتی تایبەتی بۆ وەرگرتنی ئاو دروست کردووە.

لەم بارەوە، ڕێکخراوی هاوئاهەنگیی ناڕەزایەتییەکانی بەلووچستان "سەهاب"، لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە، سەرەڕای بارانبارینەکان و زۆربوونی ئاوی ناوچەکانی بەلووچستان، لە چەند ناوچەیەکی شاری زاهدان، ئاوی خواردنەوە جیرەبەندی کراوە و جیرەی هەر بنەماڵەیەک بۆ یەک مانگ تەنیا دوو تانکرە و لەوە زیاتر خەڵک دەبێت بە نرخێکی زۆرتر ئاو بکڕن.

کارتی تایبەت بە ئاوی خواردنەوەی بە مەبەستی جیرەبەندیکردنی ئاو، لە لایەن بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ڕێژیم لە زاهداندا دروست کردووە و هەر بنەماڵەیەکیش بەپێی بەڵگە و تاپۆی خانووەکەیان ئەو کارتەیان پێ دەدەن.

شایانی باسە، بۆ وەرگرتنی ئەو کارتە خەڵک دەبێت بڕی ۱۲۵ هەزار تمەن بخەنە حەسێبی بانکی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ڕێژیم لە زاهداندا.

سەرەڕای ئەوەی کە سەرەتای مانگی خاکەلێوە و لە بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا، بە هۆی بارانبارینی زۆرەوە کارەساتی لافاو ڕووی دا و زیانێکی زۆر بە چەندین ناوچە و شاری ئێران گەیشت و بەلووچستانیش لەو زیان و زەرەرانە بێبەش نەبوو، ڕێژیمی سەرەڕۆ و هەلپەرەستی ئێران لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی ناوچە زیانپێگەیشتووەکان، خۆی کارەسات دەخولقێنێت.

ئەم کردەوەیەی ڕێژیم دوورە لە هەموو یاسا و ڕێسا نێونەتەوەیییەکان و دەسەڵاتدارانی تاران لە جیاتی یارمەتی بە خەڵک لە بیری جیرەبەندیکردنی خواردن و خوراکدان.