کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوە لە شاری سەقز بووەتە قوڕاو

12:39 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاوی خواردنەوە لە شاری سەقز لێڵ بووە و کەڵکی خواردنی نییە و ڕێژیمیش نەتەنیا لەهەمبەر چارەسەرکردنی ئەم گرفتە کەمتەرخەمە بەڵکوو هەوڵی چەواشەکردنی ڕاستییەکان دەدات.

لەمبارەوە پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی بەردەوامی خەڵک، ئیدارەی ئابفای سەقز ڕاگەیەندراوێکی دەرکرد و ڕایگەیاند: کە ئەو ئاوە بۆ خواردنەوە دەبێت و هیچ کێشەیەکی نییە و بەتەواوی تەندرووستە.

ئەم ڕوونکردنەوەی ئیدارەی ئابفا لەحاڵێکدایە کە هاووڵاتییەکی شاری سەقز لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: هۆکاری سەرەکی ئەم ڕەوشە کە چەند ڕۆژە یەخەی خەڵکی ئەم شارەی گرتووە پچڕانی بەردەوامی بەرقە.

ئەم هاووڵاتییە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە لانیکەم شاری سەقز نابێ گرفتی لەو بابەتەی هەبێ چوونکە ئەم شارە بە شێوەی سرووشتی خاوەنی چەندین سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیە کە ئەنبارئاوەکانی ئیدارەی ئاوی لێ پڕ دەکرێت؛ جیا لەمەش  دوو بەنداوی گەورە لە سەر ئاوی سەقزی هەژار بەستراوە بەڵام لەباتی خزمەت کردن بە خەڵکی ناوچەکە بەبڕیاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم، بۆ شارەکانی تری ئێران دەنێردرێ.

بەوتەی ناوبراو هەنووکە لە بەشێک لە گەڕەکەکانی سەقز، خەڵک ڕوویان لە کانیاوە سرووشتییەکانی نێو شار کردووە و هاوشێوەی ساڵانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بە دەبە ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکەن.