کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوەی سنە هێشتا پیسە

10:59 - 1 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٧ مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە هەمبەر پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە، ئەم کێشەیە تاکوو ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و خەڵک بەسەختی ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دۆخی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە، زۆر خراپە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت.

نزیک بە ٢ ساڵە کە دۆخی ئاوی خواردنەوە بەتایبەت لە هەندێک لە گەڕەکەکانی شاری سنەدا نالەبارە، بەڵام زیاتر لە ٧ مانگە بە شێوەی جیددی خەڵک لەمبارەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای چارەسەرییان کردووە.

ئاوی شاری سنە پیس بووە و جیا لەوەی کە زۆربەی کاتەکانیش ئاوەکە دەپچڕێت، ڕەنگ و بۆنێکی ناخۆشی هەیە و بۆ خواردنەوە نابێت.

بەرپرسانی ڕێژیم لە وڵامی ناڕەزایەتییەکان و داخوازییەکانی خەڵکدا بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، ڕایانگەیاندووە کە ئاوی شاری سنە لە بواری چۆنیەتی و سڵامەتییەوە هیچ کێشەیەکی نییە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئەو شارە تەنانەت بۆ پاک و خاوێنیش نەیانتوانیوە لەو ئاوە کەڵک وەربگرن و بە کڕینی "ئاوی مەعدەنی"، ژیانیان تێپەڕ کردووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا، بە چەندین جار تانکرەکانی گواستنەوەی ماددە کیمیاییەکان، بەربوونەتەوە نێو ئاوی بەنداوی "قشڵاخـ"ـی سنە و ئاوی خواردنەوەی ئەم شارەیان پیس کردووە، بەڵام وەک هەمیشە بەرپرسانی ڕێژیم بە ئەوپەڕی کەمتەرخەمییەوە مامەڵەیان لەگەڵ کێشەکە کردووە.

پیسبوونی ئاو تەنیا تایبەت بە شاری سنە نییە و لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، جگە لە ٢٠٠ گوندی ئەم شارە، لە شارەکانی سەقز، ڕوانسەر و تەنانەت لە شارەکانی پارێزگای ئیلامیشدا بەرۆکی خەڵکی گرتووە، بە شێوەیەک کە خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی خۆیان ڕوویان لە کانیاوەکان کردووە.