کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوەی سەلاسی باوەجانی بەکەڵکی خواردنەوە نایەت

12:05 - 11 خەزەڵوەر 2720

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەلایەن خەڵکی "سەلاسی باوەجانیـ"ـیەوە بڵاوکراونەتەوە ئاوی خواردنەوەی ماڵان بە ڕادەیەکی بەرچاو پیسە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری "سەلاسی باوەجانی" لەهەمبەر پیسبوون و ناپاقژبوونی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە: "بەهیچ شێوەیەک ناتوانین لە ئاوی لوولەکەشیی ماڵان کەڵک وەربگرین و هیچ کەسیش وڵامدەری ئەو کێشەیەمان نییە".

خەڵکی "سەلاسی باوەجانی" زیاتر لە مانگێکە ئاوی خواردنەوەیان پیس بووە و لەلایەن ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ و ئیدارە پەیوەندیدارەکانەوە ڕەخنە و داواکاری چارەسەرکردنی ئەو کێشەیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا كێشەی ئاوی خواردنەوەیان نەک هەر چارەسەر نەکراوە تەنانەت سەردانی ئەو گەڕەک و شوێنانەش نەکراوە.