ئاوی خواردنەوەی ناوچەی "پەردیسـ"ـی ئەهواز ئاوەڕۆی تێکەڵ بووە و ئەمە بووەتە هۆی سەرهەڵدان و زیادکردنی هەندێک نەخۆشی بەهۆی ئاوەڕۆوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای خووزستان، بە ئاماژە بەوەی کە بەدواداچوون بوونی زێڕاو لەنێو ئاوی خواردنەوەدا ئەرکی ئیدارەی ژینگە نییە، ڕایگەیاندووە: "بەداوداچوونەکانی ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگە، هەبوونی ئاوەڕۆی لە ئاوی خواردنەوەی ناوچەی پەردیسی ئەهوازدا پشتڕاست کردووەتەوە".
پێشتر بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای خووزستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، بوونی ئاوەڕۆ لە ئاوی خواردنەوەدا دوورە لە ڕاستی، چون ڕێڕەوی لوولەکەشیی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ لەیەک جیان.
حەوتووی ڕابردوو ئەندامێکی شۆرای شاری ئەهواز، باسی لە تووشبوونی چەندین کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە بە "هێپاتیتیA" و نەخۆشیی "ڕیخەڵۆکە" بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ لەگەڵ ئاوی خواردنەوە لەو شارەدا کردبوو.
کێشەی ئاوەڕۆی شار لە پارێزگای خووزستاندا کێشەیەکی لەمێژینەیە، بە شێوەی ڕێژەیی لە سەرجەم شارەکانی ئەو پارێزگایەدا بابەتی گواستنەوەی ئاوەڕۆ و لوولەکەشیی پەیوەندیدار بەو کێشەیەوە، قەیرانێکی بنەڕەتییە کە لە سەرجەم وەرزەکاندا و بەتایبەت لە وەرزی زستاندا بەهۆی بارینی باران و سەرڕێژبوونی ئاوەڕۆکان کێشە بۆ خەڵک ساز دەبێت.