کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی "زرێبار"ی مەریوان بەرەو پیسبوون دەچێت

12:38 - 1 پووشپەڕ 2722

چەندین ساڵە کە ئاوەڕۆ و پیسایی چەندین گوندی دەوروبەری زرێبار دەڕژێتە ئەو دەریاچەوە و ئەمە بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ژینگە و ئێکۆسیستمەکەی.

سەرەڕای پیسبوونی ئاوی بەشێک لە دەریاچەکە، خەڵک بۆ خواردنەوە و پێداویستیی دیکە کەڵکی لێ وەردەگرن.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ئاوەڕۆی گوندی "کۆڵان" و چەندین گوندی دیکە دەڕژێتە ئەو کاناڵە ئاوییەی کە دەچێت بۆ نێو شار کە بۆ خواردنەوە و پێداویستیی دیکە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

 هاووڵاتییان هەروەها باسیان لەوە کردووە کە بە تێچوویەکی کەم دەتواندرێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و بۆ تێکەڵکردنەوەی ئاوەڕۆی ئەو چەند گوندە بە کاناڵی ئاوەڕۆی شارییەوە تەنیا هەشتا میتر لوولە پێویستە بەڵام لایەنی پەیوەندیدار نزیک بە چوار ساڵە کە ئەو کێشەیە چارەسەر ناکەن.

هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان نیشان داوە و وتوویانە کە ئەو پیسایی و ئاوەڕۆیە هەڕەشەی بۆ سەر ژیانی منداڵان و هەموو هاووڵاتییان دروست کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لایەنی پەیوەندیدار ئیدیعا دەکەن کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئاوەکە کردووە و وتوویانە کە لە باری تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نییە.