کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سنە ناخورێتەوە

12:49 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئاوی خواردنەوەی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سنە بۆ خواردنەوە نابێت و زیاتر لە یەک مانگه که خەڵکی نیشتەجێی ئەم شوێنانە بە دەبە و لە شوێنگەلێکی وەکوو کانی شەفای ئاویەرەوە ئاوی خواردنەوەی خۆیان دابین دەکەن.

بەپێی ڕاپرسییەک کە یەکێک لە کاناڵە تێلێگرامییەکانی شاری سنە ئەنجامی داوە، ٤١لەسەدی خەڵکی سنە لە کوالێتیی ئاوی خواردنەوە ڕازی نین، بەڵام ناچارن هەر ئەو ئاوە بەکاربێنن.

٢١ لەسەدی خەڵکی سنە، واته ٨٠ هەزار کەس لەم شارەدا به گشتی لە دۆخی ئاوی خواردنەوە رازی نین و یەک مانگه که لەمبارەوە به جیددی تووشی کێشە بوونە.

شرکەتی ئابفای سنە لە وڵامی سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانی ئەم خەڵکەدا وتوویەتی که ئاوی ئەم شوێنانە هیج کێشەیەکی نییە، تامی ناخۆشی هەیە بەڵام سالمە.

خەڵکی شاری سنە به ناردنی کورتەنامە بۆ ئەم کاناڵە تێلێگرامییە دژ به شرکەتی ئابفا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە؛ یەکێک لە شارۆمەندانی سنەیی نووسیویەتی: سەبارەت بە ئیدعای شرکەتی ئابفا که فەرموویەتی هیچ کێشەیەک لە ئاوی سنەدا نییە، من دانیشتووی گەڕەکی نایسەرم، ئەگەر بەرپرسی ئابفا تەشریف بێنێت ئەمن خۆم یەک بە یەک کێشەگەلێک کە ئەوان به دەنگۆ و شایعەی ناو دەبەن، پیشانیان ئەدەم.

یەکێکی دیکە لە شارۆمەندانی ئەم شارە کە لە شارەکی پەردیسدا نیشتەجێیە نووسیویەتی: ئاوەکە هەر ناخورێتەوە و ماوەیەکی زۆرە کە تامی ناخۆشی هەیە و کوالێتییەکەی دابەزیوە و ئێمە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە ڕووومان لە کانی شەفای ئاویەر کردووە.

ئاوی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سنە زۆرتر لە یەک مانگە تووشی کێشە بووە، پێشتریش زۆربەی خەڵکی ئەم شارە ڕایانگەیاندبوو که بۆ ڕاگرتنی پاک و خاوێنیش ئاومان نییە و ناچارین ئاوی مەعدەنی بکڕین، بەرپرسانیش لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، بە دەنگۆ و شایعەی ناو دەبەن.