کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی شاری سنە بۆ خواردنەوە نابێت

12:47 - 7 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئاوی ناوچەییی پارێزگای سنە، سەبارەت به وەرگەڕانی تانکرەکان بۆ نێو ئاوی شاری سنه، نیگەرانی دەربڕیوە؛ ئەم بەرپرسە ئەوە بە هەڕەشە بۆ گیانی دانیشتووانی ئەم شارە زانیوە.

کامران خوڕەم، بەرپرسی ئاوی ناوچەییی پارێزگای سنە، نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر وەرگەڕانی تانکرەکانی هەڵگری مادە سووتەمەنی و کیمیاییەکان بۆ نێو ئاوی شاری سنە  دەربڕیوە و وتوویەتی: دەبێ بوودجەیەکی تایبەت بۆ نەهێشتنی شوێنە مەترسیدارەکان لەم پارێزگایەدا تەرخان بکرێت.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە مەترسیداربوونی ڕژانی ئاوی فازڵاو، وەرگەڕانی تانکرەکانی هەڵگری سووتەمەنی و زۆر شتی دیکه بۆ نێو ئاوی بەنداوی ‌قشڵاخی شاری سنه کرد، کە تەنیا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئەم شارەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئاگری ئیسماعیلنژاد، لەسەر دیواری فەیسبووکەکەی خۆی سەبارەت به ڕژانی ئاوی فازڵاوی نزیک به ١٠ گوند بۆ نێو ئاوی بەنداوی قشڵاخ و تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوەکە ڕایگەیاندووە: "که ئەمە دەبێتە هۆی زۆربوونەوەی نیتراتی نێو ئاوەکە که بۆ جەستە زۆر زۆر مەترسیدارە، به شێوەیەک که دەتوانێ ببێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، که تێکەڵبوونی نیترات لەگەڵ ئاو، به ڕێوشوێنە ئاسایییەکانی پاڵاوتنی ئاو چارەسەر نابێت و هەر دەمێنێتەوە کە ئەمە هەڕەشە لە گیانی خەڵکی ئەو شارە دەکات.

به وتەی ناوبراو، لە مانگەکانی ڕابردوودا، شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی سنە، سەبارەت بەم کێشەیە لەگەڵ پارێزگاریی سنە، دانیشتنێکی نهێنییان بووە و چونکه چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە کڕینی دەزگای پێشکەوتوو هەیە و بوودجەش نییە، هەروا بەبێ چارەسەر کۆتایی پێ هاتووە.