کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی ڕووباری زێی بچووک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گیراوەتەوە

18:03 - 8 جۆزەردان 2721

ڕێژیمی ئێران ئاوی بەنداوی زێی بچووکی لەسەر بەشە ئاوی هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە و ئێستا کێشە بۆ خەڵکی "دەڤەری ڕاپەڕین"  دروست بووە.

 ڕێژیمی ئێران ناهێڵێت ئاوی ئەو بەنداوە بۆ کوردستانی باشوور بچێت. بەهۆی پێش پێگرتنی ئاوی ئەو بەنداوە، وەرزێڕان و ئاژەڵداران تووشی کێشەی بێئاوی بوونە.

ڕێژیمی ئێران لە وەرزی هاویندا ئاوی دوو ڕووباری "سیروان" و "زێی بچووک" لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەهۆیەوە پاشەکەوتە ئاوییەکانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت و زیانێکی زۆر بە خەڵک دەگات.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو بڵاوی کردبووە، ئاوێک کە دەڕژێتە نێو بەنداوەکانی "دەربەندیخان" و "دووکان" نیشانی داوە کە دەفرایەتیی ئاوێک کە لە ئێرانەوە دەڕژێتە ئەوێ، لە ٤٥ میتری سێ جا لە چرکەدا دابەزیوە بۆ ٧ میتری سێ جا لە چرکەدا.

ڕێژیمی ئێران بەشێک لە ئاوی "زێی بچووکـ"ـی بۆ "گۆلی ورمێ" و ئاوی "سیروانـ"ـی بۆ لای پڕۆژە ئاویارییەکانی "کرماشان و سەرپێڵ زەهاو" کاناڵیزە کردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردبووە: "ئەو کارەی وڵاتی ئێران بەپێچەوانەی هەموو یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە و ئاوی ڕووبارە هاوبەشەکان موڵکی هەردوو خەڵکی عێراق و ئێرانە، بە تەنها مافی هیچکام لەو وڵاتانە نییە".