کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی ڕووبارەکانی چوارمەحال و بەختیاری بۆ ناوەندی ئێران ڕادەگوازرێتەوە

11:55 - 21 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارمەحاڵ و بەختیاری لە پرۆژەیەکدا دەیهەوێت ئاوی ڕووبارەکانی ئەو پارێزگایە بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران ڕاگوازێتەوە.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بە لێدانی تۆنێلێکی "بەهەشت‌ ئاباد" دەیهەوێت ئاوی ڕووبارەکانی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری ڕاگوازێت و لە داهاتوودا کارەساتێکی ژینگەیی و مرۆیی ڕوو دەدات.

ئەو پرۆژەیە بێ ئەوەیکە لە بواری زەویناسی و ژینگەیی خوێندنەوەی بۆ بکرێت دروست کراوە.

کارناسانی ژینگەیی باسیان لەوە کردووە، ئەگەر ئەو تۆنێلە بە جووڵەی شکانی "ڕۆخ" بگات، کانیاوەکانی "شاری کورد، فەڕوخ‌ شار و تاقانەک" وشک دەبێت.

هاوکات ئەگەر بە جووڵەی شکانی "زاگرۆس" بگات، دەبێتە هۆی وشکبوونی کانیاوەکانی "شەلەمزار".

٧٠ لەسەدی حەشیمەتی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری لە بەشی بەهەشت ‌ئاباد نیشتەجێ بوونە و مەترسیی بێ ئاوییان لەسەرە.

هاوکات ٧٠ لەسەدی ئاوی خواردنەوەی شاری کورد لە ڕێگای چاڵاوەکانەوە دابین دەکرێت. ئەو تۆنێلە دەبێتە هۆی ئەوەیکە شاری کورد تووشی بێ ئاوی بێت و پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری لەنێو بچێت.

ڕێژیمی ئیسلامی لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ ڕاگواستنی ئاو بۆ شارە ناوەندییەکان بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ خوێندنەوەیەکی کارناسانە دەست دەکات بە پرۆژەکانی کە دواتر کارەساتی ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە.