کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوەڕۆی "ڕێژاو"ی داڵاهۆی کرماشان بووەتە ناوەندی قەیرانێکی ژینگەیی

11:35 - 19 رەزبەر 2720

بارودۆخی ئاوەڕۆی "ڕێژاو" سەر بە داڵاهۆی کرماشان چووەتە دۆخێکی قەیراناوییەوە و هەتا ئێستا ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ستاندارد چارەسەر نەکراوە و هەتا بێت نیگەرانیی زیاتری خەڵکی ئەو ناوچەیە لێ دەکەوێتەوە.

کێشەی ئاوەڕۆی "ڕێژاو" سەردەمانێکە بەرۆکی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی گرتووەتەوە و هەنووکەش ئاوەڕۆی ئەو ناوچەیە بە شێوەی کاناڵی سەرئاوەڵا  دەچێتە نێو چۆم و ڕووبارەکانەوە و ئەوەش خەریکە هەم قەیرانێکی ژینگەیی بەدواوە دەبێت و هەم تەندروستیی دانیشتووانی دەخاتە مەترسییەوە.

هەروەها بە هاتنی وەرزی پاییز و دەستپێکی باران بارینەکان، ئاوڕۆی ئەو کاناڵە سەرڕێژ دەکات و دەچێتە نێو خانووی خەڵکەوە؛ ساڵانە چەندین جار ئەو ڕووداوە دووپات دەبێتەوە.

لە ئاکامی سکاڵا و ڕەخنەی زۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە لەلای فەرمانداریی داڵاهۆ و پارێزگاری کرماشان، بەڵێنییان پێ دراوە لە بودجەی ١٤٠٠دا بودجەیەک بۆ ئەو کێشەیە تەرخان بکرێت و دەبێ تا ئەوکات خەڵکی ناوچەکە چاوەڕوانی ئەو بەڵێنییانەی بەرپرسانی ڕێژیم بن.