کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڕژانتین دەستی بەسەر فڕۆکەیەکی "ماهان ئەیر"ی سەر بە ڕێژیمی ئێراندا گرت

11:31 - 22 جۆزەردان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردان، "ئانیبال فێرناندێز" وەزیری ئەمنییەتی ئاڕژانتین ڕایگەیاند کە  فڕۆکەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادا بووە، لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پێنج کەس لە پێرسۆنێلی فڕۆکەکەی دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵدەریی "لاپێنزا دلارا"، ئەو فڕۆکەیە لە "مێکزیکـ"ـەوە هەستاوە و کۆمەڵێک لە پێرسۆنێلی فڕۆکەکە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە "سپای قودسـ"ـەوە هەیە.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو فڕۆکەیە لە "بۆینێس ئایرێس" هەڵگری کۆمەڵێک لە کەرەستەی ماشین بۆ یەکێک لە شیرکەتەکانی دروستکردنی ماشین بووە.

ئەو فڕۆکەیە ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو گەیشتووەتە "بۆینێس ئایرێس" بەڵام بەهۆی ئەوەی لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادا بووە، نەیتوانیوە سووتەمەنی پڕ بکاتەوە و شیرکەتەکانی "وای‌پی‌ئێف" و "شێل" سووتەمەنییان بۆ فڕۆکەکە دابین نەکردووە.

فڕۆکەکە دوای ئەوەی نەیتوانیبوو سووتەمەنی دابین بکات، ویستبووی بەرەو "ئۆرۆگوئێ" بڕوات، بەڵام بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکە لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادا بووە، ئەو وڵاتە ناوچەی هەوایی خۆی ڕوو بە فڕۆکەکە داخستبوو.

"جرالدۆ میلمان" نوێنەری ئۆپۆزیسیۆن لە پارلمانی ئاڕژانتین لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو فڕۆکەیە لە "بۆینێس ئایرێس" لە کاتی فڕیندا چەندین جار دەزگای "شوێنگەڵگر"ی خۆی کوژاندووەتەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ساڵی ٢٠٠٨ شیرکەتی "ماهان ئەیر"ی بەهۆی پشتیوانی لە سپای "قودس" خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

ئامریکا ڕایگەیاندووە کە سپای تێرۆریستی پاسداران لە فڕۆکەکانی ئەو شیرکەتە بۆ ناردنی چەک بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەدا کەڵک وەردەگرێت.