کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی ناوکی: پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمب بەش ناکات

12:48 - 20 رەزبەر 2720

"ڕافائێل گرۆسی" سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتوویەتی ئێران مانگانە ڕێژەی ئۆرانیۆمی پاشەکەوت کراوی خۆی زیاد دەکات، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانێت بۆمبی ناوکی دروست بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی ئۆتریشیی "دی پرێس" وتوویەتی، ئێران درێژە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم دەدات و تەنانەت ئاستی پیتاندنیشی سەرووتر لە بەڵێنییەکانییەتی، بەڵام هێشتا بە ئاستێک نەگەیشتووە کە بتوانێت بۆمب دروست بکات.

ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئێران گەیشتووەتە کاتی نێگەڕانییەوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی، وتوویەتی: "ئێمە لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەدا گرینگی بەو بابەتە نادەین، ئێمە سەرنجمان لەسەر ڕێژەی بەرچاوی ئۆرانیۆمی پاشەکەوت کراو و هەروەها کەمترین ئاستی ئۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوکییە".

دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کە مانگی ڕابردوو بڵاو کرایەوە دەرخەری ئەوە بوو ئێران ڕێژەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی خۆی گەیاندووەتە ٢ هەزار و ١٠٥ کیلۆگرەم، لەحاڵێکدا کە بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام تەنیا دەتوانێت کەمتر لە ٢٠٣ کیلۆگرەم ئۆرانیۆم بە خەستیی کەمەوە پاشەکەوت بکات.

هەروەها ئێران ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی گەیاندووەتە ٤.٥ لەسەد، لەحاڵێکدا تەنیا بۆی هەیە تا ٣.٥ لەسەد ئۆرانیۆم بپیتێنێت.

ڕێژیمی ئێران هەر چەشنە هەوڵێکی بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی بەرنامەی ناوکیی ئێران بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە.