کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، لەبارەی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران دانیشتن پێک دێنێت

13:12 - 15 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی بردنە سەری ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، دانیشتنێکی بەپەلە ڕێک دەخات.

ئامریکا داوای لە ٣٥ وڵاتی ئەندامی شورای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە کە لە هەمبەر هەوڵەکانی ئێراندا، دانیشتنێکی بەپەلە پێک بێنێت.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی هەینی، ١٤ی پووشپەڕ، پشتڕاستی کردەوە کە ئەو داواکارییەی ئامریکا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، بەڕێوە دەچێت.

''جەکی واڵکات''، باڵوێزی ئامریکا لەو ئاژانسەدا، بەپێی بەندی ١١ی ئاییننامەی نێوخۆیی، داوای کردووە کە شورای بڕیاردەر لە هەمبەر ڕاپۆرتی ڕابردووی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، لە هەمبەر چالاکییە ناوکییەکانی ڕیژیمی ئێراندا،  دانیشتنی تایبەت پێک بێنێت.

هەروەها، نوێنەرایەتیی ئامریکا لەم ئاژانسەدا، لە قسەکانیدا جەختی کردەوە کە کۆمەڵگای جیهانی دەبێت ڕێژیمی ئیران قانع بکەن کە وڵامدەر بێت.

هاوکات، نوێنەرایەتیی ڕێژیمی ئێران لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، لە بەیانییەیەکدا، ئەو داواکارییەی ئامریکای بە تەنزێکی تاڵ وسف کردووە و بە نیشانەی گۆشەگیریی ئەو وڵاتەی لە کاروباری نێونەتەوەیی لێکداوەتەوە.

لەم پیوەندییەدا، "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕدا، پیتاندنی ئورانیۆم لە لایەن ڕێژیمەوە چیدیکە لە ئاستی ٣.٦٧دا نابێت و پێبەند بە بەلێنییەکانی خۆی نامێنیت و بە هەر ڕادەیەک کە پێویستمان بێت ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بەرز دەکەینەوە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئێران نابێت لە ڕێژەی ٣٠٠ کیلۆگرەم زیاتر، ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بەرزتر بکاتەوە، بەڵام لە ماوەکانی ڕابردووەوە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەڕەشەی وڵاتانی ڕۆژاوایی، ئاستی پیتاندی ئورانیۆمی لە ڕێژەی دیاریکراو، پەرە پێداوە.