کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی: ئێران بە پچڕاندنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس هیچ قازانجێک ناکات

11:44 - 11 سەرماوەز 2720

''ڕافائێل گرۆسی'' سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەز، لە کاردانەوە بە دواکاریی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاگرتنی چاوەدێرییە نێونەتەوەییەکان بەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوە کە بەرنامەی ناوکیی ئێران پێویستە چاوەدێریی بەسەردا بکرێت.

ناوبراو وتوویەتی: ''ئێران بە پچڕاندنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس هیچ قازانجێک ناکات''.

''گرۆسی'' لەبارەی ئەم داواکارییەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران دوای کوژرانی ''موحسێن فەخریزادە'' لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی فەڕانسە وتوویەتی: ''پێویستە کە جیهان گەرەنتیی پێوست و بڕواپێکراو بەدەست بێنێت کە نیشان بدات بەرنامەی ناوکی بە مەبەستی کەڵک لێ وەرگرتن لە بواری نیزامی بە لاڕێدا نەچووە''.  

ناوبراو باسی لەوە کرد: ''ئێمە گوشارەکان دەرک دەکەین، بەڵام ڕوونە کە هیچ لایەنێک یەک لەوان ئێران بە کەمکردنەوە، سنوورداریەتی یان ڕاگرتنی ڕەوتی کارەکان کە پێکەوە ئەنجامی دەدەین، قازانج ناکات''.

هەروەها سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتوویەتی، هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ داواکارییەکیان بۆ گۆڕانکاری لە پشکنینی دامەزراوە ناوکییەکان نەکردووە و ئەمە یەکەم جار نییە کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی ئاوا دەگرێت.