کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی: ئێران پیتاندنی ئورانیۆم بە سانتریفیوژی پێشکەوتووی پەرە پێ داوە

12:57 - 13 خاکەلێوه 2721

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خاکەلێوە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران کە پێشتر پیتاندنی ئورانیۆمی بە کەرەستەی پێشکەوتوو لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دەست پێ کردبوو، ئێستا ژمارەی ئەو کەرەستانەی پەرە پێ داوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژیمی ئێران لە نوێترین هەوڵی خۆی لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکی، لە چوارەمین ئابشار لە سانتریفیوژەکانی نەسڵی ''ئای ئار ٢ ئێم'' کەڵک وەردەگرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئاژانسی وزەی ناوکی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خاکەلێوە پشتڕاستی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران، ڕەوتی گازدەیی بە ١٧٤ سانتریفیوژی نەسڵی ''ئای ئار ٢ ئێم'' دەست پێ کردووە.

ئەم نەسڵە لە سانتریفیوژەکانی پێشکەوتوو ئەگەری پیتاندنی ئورانیۆم هەتا سەرەوەی ٥ لەسەد تەیار دەکات. لە حاڵێکدا کە بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام پیتاندنی ئورانیۆم بۆ ئێران هەتا ئاستی ٣.٦٧ لەسەد دیاری کراوە.

هەروەها ساڵی ڕابردوو ڕێژیمی ئێران سێ نەسڵ لە سانتریفیوژی پێشکەوتووی بۆ دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز ڕاگواستووە، لە حاڵێکدا بەپێی ڕێککەوتنی ناوکی، ئێران تەنیا ڕێگای ئەوەی پێ دراوە لە سانتریفیوژی ''ئای ئاڕ ١'' بۆ پیتاندنی ئورانیۆم کەڵک وەربگرێت.

ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی وزەی ناوکی لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی  لە هەوڵدان کە ڕێژیمی ئێران پێبەند بە بەڵێنییەکانی بەرجام بکەن.

پێشێلکردنی بەردەوامی بەرجام لەلایەن تارانەوە چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنەی بەرەو داهاتوویەکی ناڕوون بردووە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێککەوتنی بەرجام بەکردەوە هیچی پێوە نەماوە.