ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بە وڵاتانی ئەندام لەو ئاژانسەدا ڕایگەیاندووە کە ئێران بەتەمایە سانتریفییووژگەلی پێشکەوتووی زیاتر لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنزدا دامەزرێنێت.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بۆ ئەندامانی خۆی ڕایگەیاندووە کە ئێران بەتەمای دانانی زیاتر لە ٥٠٠ سانتریفییووژی نوێ لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز لە باشووری ئێراندایە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە سانتریفییووژە نوێیەکان لە جۆری پێشکەوتووی IR-2M دەبێت کە لە ٣ تاڤگەی ١٧٤ دانەییدا لە بەشی ژێرزەوینیی دامەزراوەکانی نەتەنزدا دادەنرێت.
دامەزراوە ژێرزەوینییەکانی نەتەنز لەم دواییانەدا و پاش تەقینەوە لەو دامەزراوەیەدا لە سەرەتاکانی هاویندا دامەزراوە.
هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاندووە کە ئێران بەو هەوڵانەی دەیهەوێت "جۆ بایدن" بخاتە ژێر گوشارەوە.
ڕۆیتێرز هەروەها نووسیویەتی کە ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا پێشێل دەکات.
بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ئێران تەنیا دەتوانێت لە سانتریفییووژگەلی بەرەی یەکەم ناسراو بە IR-1 لە دامەزراوەکانی خۆیدا کەڵک وەربگرێت.