کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی کوردپا: ٦٧٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ رووی داوە

15:54 - 11 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦٧٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی رۆژهەڵات رووی داوە.
ئاژانسی هەواڵدەریی \'\'کوردپا راپۆرتێکی تەحلیلی ــ ئاماری لە حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ماوەی ٣ مانگی دووهەمی ئەمساڵ (وەرزی هاوین) بڵاو کردووەتەوە کە ئەو راپۆرتە باس لەوە دەکات کە ٢٦٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان رووی داوە.

بەپێی راپۆرتەکانی پێشوو کە لە ئاژانسی \'\'کوردپا\'\' بڵاو کرابوونەوە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٠٥ حاڵەت دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئیرانەوە رووی داوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا ٩٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات، دادگا، پۆلیسی ئەمنییەتی و حفازەتی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون و هەروەها ٤١ هاووڵاتیی کورد حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ٦٤ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئیران و هەروەها ٣٣ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوونە.

لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١١٨ حاڵەت مانگرتنی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی(بیرو باوەڕ) و راگواستنی زیندانییان بۆ شوێنەکانی دیکەی نێو زیندان وەکوو ژووری تاکە کەسی، گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بەندی زیندانییانی ئاسایی رووی داوە.

چوونەدەرێی زۆرەملێی چالاکانی سیاسی لە ئێران، پێشگیری و بێبەشکران لە خوێندن، دوورخرانەوەی خوێندکاران بۆ زانینگەکانی دیکە، لێسەندنەوەی مافی وانەوتنەوەی مامۆستایان، هەڕەشە و ترساندنی چالاکانی مافی مرۆڤ، گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆسەر بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، لێدان و ئەشکەنجەی زیندانییانی سیاسی، پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە زیندانییانی سیاسی و مەدنی، مەرگی هاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆی کەمتەرخەمیی کادر و پزیشکانی نەخۆشخانەکان، دەرکردنی خوێندکاران لە نووستنگەی زانکۆکان، دوورخستنەوەی چالاکانی ئایینی و دەرکردنی مامۆستایانی ئایینی بەشێکی دیکەی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێرانن کە بە گشتی ٧٦ حاڵەتی لەخۆ گرتووە.