کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی ئیتلاعاتی بەرگریی ئامریکا: سەرانی ئەلقاعیده لە ئێران دەژین

12:19 - 22 بانەمەڕ 2722

ئاژانسی ئیتلاعاتی بەرگریی ئامریکا لە ڕاپۆرتێکدا بە کۆمیتەی خەدەماتی چەکداریی سێنا ڕایگەیاندووە ڕێبەرانی باڵای ئەلقاعیدە کە لە ئێران نیشتەجێن، چاوەدێرییان بەسەر شەبەکەی جیهانیی ئەو گرووپەدا هەیە و لقەکانی ئەلقاعیدە لە بواری ستراتژی و ڕاگەیاندنەوە ڕێنمایی دەکەن.

مانگی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی "نیۆیۆرک تایمز" بڵاوی کردبووەوە کە مەئموورانی ئەمنییەتیی ئیسرائیل لە ١٧ی گەلاوێژی ٩٩دا لەسەر داوای ئامریکا "ئەبوو محەممەد ئەلمیسری" کەسی ژمارەی دووی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و کچەکەی ئەو کە خێزانی "حەمزە بن لادێن" بووە، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری "تاران" کوشتبوو بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەواڵەی ڕەت کردبووە.

هەروەها لەو راپۆرتەدا هاتووە کە سەرانی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە کوژرانی قاسم سلێمانی لە هەوڵی بەڕێوەبردنی کاری تێرۆریستی دژ بە بەرپرسانی "ئامریکاییـ"ـدان.

لەو راپۆرتە هەروەها هاتووە کە ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی کەلوپەل و ئامرازەکانی پارازیتی نیزامی لەگەڵ کۆرەی باکوور هاوکاری دەکات.

هەروەها بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە باس لە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ حووسییەکانی یەمەن دەکات کە باشترین ئیماکانات و فڕۆکەی پێشکەوتووی خۆیان داوە بە حوسییەکان بۆ دژایەتی عەرەبستان.