کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی ئەمنیەتی تۆڕی زانیاری یەکیەتیی ئورووپا: ئێران لە ئامادەکاریی سیخوڕیی سایبێریدایە

16:20 - 9 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئاژانسی ئەمنیەتی تۆڕی زانیاریی یەکیەتیی ئورووپا " ئێنیسا" ڕایگەیاندووە که به خراپتربوونی دۆخی پێوەندیی ئورووپا و ئێران، ئەگەری بەربڵاوبوونەوەی چالاکییە سیخورییە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران زیاد دەکات.

ئەم ڕێکخراوە به بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندووە: ئەگەری هەیە کە گەمارۆ نوێیەکانی دژ به ئێران، ئەم ڕێژیمە بەرەو پشتیوانی دەوڵەتی لە چالاکییە سایبێرییەکان هان بدات تا لەم ڕێگەوە درێژە به ئامانجە ستراتێژیک و ژیئۆپۆلێتیکەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بدات.

ئەم ئاژانسە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا هەروەها هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێرانی به گەورەترین هەڕەشە دژ به ئەمنیەتیی دیجیتاڵی ئورووپا زانیوە.

لەم "ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە: " ئێران، ڕووسیە و چین به بەردوامی تۆمەتە وەپاڵداروەکانی ئامریکا لەهەمبەر ڕۆڵی ڕێژیمەکانی ئەم سێ وڵاتەیان لە هێرشە سایبێرییەکاندا ڕەت کردووەتەوە."

ئاژانسی ئەمنیەتی تۆڕی زانیاری یەکیەتیی ئورووپا پێشبێنیی کردووە که چالاکییە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەکیەتی ئورووپادا زیاد دەکات ؛ بەتایبەت ئەگەر ئێران نەتوانێ یەکیەتیی ئورووپا لە بەرجامدا ڕابگرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نوامبری ساڵی ڕابردوودا دوو کەسیی ئێرانیی به تاوانی ئەنجامدانی هێرشی سایبێریی بەربڵاو لە ڕێگەی باج ئەفزارێک بە ناوی "سەم سەم" دادگایی کردبوو.

سرویسی ئەمنیەتیی دانمارک له خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ڕایگەیاندبوو که توانیویە هێرشی یەکێک لە مۆرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە خاکی ئەم وڵاتە پووچەڵ بکاتەوە.

لە ئاڵبانیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە باسی لە دەرکردنی باڵوێز و دیپلۆماتێکی ئێرانی به هۆی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" و "لادان لە پێگەی دیپلۆماتیک" لە مانگی سەرماوەزدا کردبوو. 

ڕێکخراوی زانیاریی ناوخۆیی ئاڵمان لە هاوینی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو که توانایی هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە لە کۆمپانیا و دامەزراوە تایبەتەکانی لێکۆڵینەوەی ئاڵمان دەکات.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتبوو که لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە ڕێژەی هێرشە سایبێرییەکانی ئێران زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە دامەزراوە ئاڵمانییەکانیش کەوتوونەتە بەر ئەم هێرشانە.

چالاکییە سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپادا لە ساڵەکانی ڕابردوودا، زۆرتر لە جاران بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئورووپای نیگەران کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، دەوڵەتی ئامریکا به مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی هەکێرەکانی سەر به ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێوشوێنی ئەمنییەتی بەپەلەی بۆ ئێدارەکانی ئەم وڵاتە دیاری کرد.