کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکام تەرەغه: وەرزشوانەکانی ئێران ناچار دەکرێن خەڵاتەکانیان پێشکەش به ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بکەن

17:38 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: "ئاکام تەرەغە"، وەرزشوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە لە بواری وەرزشی ڕەزمیی کیک بۆکسدا چالاکی دەکات و هەتا ئێستا چەندین پلەی قارەمانییەتی بەدەست هێناوە؛ لەو پێوەندییەدا  ماڵپەڕی کوردستان میدیا وتووێژێکی لەگەڵ ناوبراو پێک هێناوە.

ـ کورتەیەک لە ژیانی خۆت بۆ ئێمە باس بکە؟

من ئاکام تەرەغە، کوڕی شەهید "ڕەحمان تەرەغە" و خاتوو "مینا مەولوودی"، خەڵکی شاری بۆکان و لەدایکبووی ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی (١٩٧٢ی زایینی)ـم. بڕوانامەی دیپڵۆمی بیناسازی (عومران)ـم هەیە، بۆ زانکۆ هەر لەو بوارە دەرچووم. بەڵام ناڕاستەوخۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە پێش بە درێژەدان بە خوێندنم گیرا کە ئەو کات نەکرا بە میدیایی بکرێت. هۆکاریش نەبوونی چالاکی مافی مرۆڤیی چالاک وەک ئەمڕۆکە بوو. ساڵی ٢٠١٤ بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووم لە هەندەران کرد. هەڵبەت ئەوە دوای دەسبەسەرکران و کێشانی ماوەی حەوت مانگ بەندکرانی لە بەندیخانەی بۆکان بوو کە هەر بە هۆی چالاکیی سیاسی لەگەڵ چەند کەسی تر کە پێویست ناکا ئاماژە بە ناویان بکەم، دەسبەسەر کرابووین.

نەبوونی باوک لە ژیانی مندا ئاستەنگیی زۆری ساز کردووە؛ بەڵام هەم شانازی کردن بە کوڕی شەهید بوون، بە بوونی دایکێکی لەخۆبردوو و فیداکار، کێشەکانم لەبەر سووک بوون و توانیومە بەسەریاندا زاڵ بم کە جێگای پێزانین و سپاسە.

ئێستاش وەک تاکێکی کورد خۆشحاڵم لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان و لە بەرانبەر وەرزشوانانی بیانیدا، سەر بکەوم و جیا لە وەرگرتنی پشتێنە قارەمانەتیەکە، ئاڵای کوردستانیش لە ناو چەندین نەتەوەدا بەرز بکەمەوە و خەڵاتەکەم پێشکەش بە شەهیدانی مانگی خەرمانان و لەسێدارەدراوانی سیاسیی کورد بکەم. هەموو هەوڵیشم ئەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا قارەمانەتیی جیهان لەو بوارەدا وەدەست بێنم کە وەک گوتم پێویستییەکی زۆری بە بوونی سپانسەری کورد هەیە کە هیوادارم لێرەوە دەنگی من و وەرزشوانانی تری کورد بە تایبەتی لە هەندەران ببیستن و بیری لێبکەنەوە.

لە کۆتاییشدا، سپاسی سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە بە شێوەی جیاجیا لەو ماوەیەدا پشتیوانیان کردووم و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە، سپاسیش بۆ ئێوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات کە بەسەرتان کردمەوە.

 ـ کاک ئاکام چۆنیەتیی دەسپێکردنی ئێوە لە بواری وەرزشدا لە کوێ دەستی پێکرد؟

لە تەمەنی ١٧ ساڵان لە شاری بۆکان دەستم بە وەرزشی ڕەزمیی وۆشۆ کرد هەتا بە ناچاری پەڕیوەی هەندەران بووم بۆ ماوەی ٣ ساڵ ئەو وەرزشەم درێژە پێدا و جارێک پلەی دووهەم و جارێکیان پلەی سێهەمم لەسەر ئاستی هەموو ئێران وەدەست هێنا. لە دەرەوەی وڵاتیش ڕووم لە وەرزشی ڕەزمیی کیک بۆکس کرد و لە ماوەی ئەو چوار ساڵە کە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێم، بەردەوامم و تا ئێستا لە کۆی ٢٠ کێبڕکێی پیشەیی (پرۆفیشناڵ) هەمبوو لە ١٩یاندا براوە بووم هەتا ئەو یاریەی دوایی کە بەسەر بەرانبەرە تورکەکەم بە ناوی ئوندەر ئۆڕاڵ ـدا، پشتێنی پاڵەوانەتیی جامی ئورووپام بردەوە.

لەو ماوەیەدا لەگەڵ وەرزشوانانی وڵاتی جیاجیای وەک ئاڵمان، چین، فەڕانسە، تورکیە، سیوس، هولەند و ...تاد، چومە سەر ڕینگ و وەک وەرزشوانێکی کورد سەرکەوتووم و زۆر جاران ئاڵای کوردستانیشم بەرز کردووەتەوە.

ـ لە ماوەی وەرزشدا لەگەڵ چ کێشە و گرفتێک بوونە هۆکاری چی بووە؟

لە ناوخۆ کێشە زۆر بوون، کێشەی نەبوونی دەرفەتی باش لە ناو باشگاکان و جیا لەوەش بە هۆی ئەوەی کە کوڕی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بووم، زۆر لە لایەن دەوڵەتیشەوە کێشەم بۆ ساز بوو و زۆر جاران داوای هاوکاریان دەکرد و زۆر جارانیش ڕێگریان دەکرد لە بەشدار بوون لە کێبڕکێیەکان و هەڕەشەی بەردەوام و لە ئەنجامدا دروستکردنی کێشەی سیاسی کە ناچار بووم ڕوو لە هەندەران بکەم و ئەو گوشارانە بۆ سەر بنەماڵەکەم، لە دوای هاتنە دەرەوەشم هەر بەردەوام بووە.

لە هەندەرانیش بەداخەوە، هەتا ئێستا هیچ سەرمایەدارێکی کوردی وا نەبووە کە لەو بوارە و لەسەر وەرزش سەرمایەگوزاری بکا، نەبوونی سپانسەری کورد بۆ وەرزشوانانی کورد وادەکا کە زۆر جاران ناچار بی سپانسەری غەیری کورد و تەنانەت لە نەتەوە داگیرکەرەکان بگری کە ئەوەش قازانجی ئەوانی لێدەکەوێتەوە، من و زۆربەی وەرزشوانانی تری کورد، هەر وەرزش و تواناییە جەستەییەکانمان هەیە و توانایی مادی و ماڵیمان نیە، بۆیە پێویستە لەو بوارەشەوە سامانداری کورد لە هەندەران بکەونە خۆ کە هەم قازانجی مادی بۆ ئەوان زۆرە و هەم قازانجی نەتەوەیی بۆ کورد. ئەگەر بڵێم زۆر جار سپانسەری غەیری کورد ڕێگری کردەوە لەوەی کە ئاڵای کوردستان بەرز بکەینەوە، پێتان سەیر نەبێ.

ـ لە کوردستاندا وەرزش چ پێگەیەکی هەیە و بە سەرنجدان بە بەربەستەکانی کە وەرزشکارانی کورد هەیانە؟

بە تایبەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا، وەرزشوانانی کورد چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، زۆر بە باشی خۆیان نیشان داوە. ئەوەندەی من ئاگادارم و بەدواداچوونی بۆ دەکەم، لە زۆربەی بوارە وەرزشیەکاندا، لاوانی کورد پلەی باش وەدەست دێنن و لە پلەی یەکەم و دووهەمی قارەمانیەتیەکاندا ڕادەوەستن کە بەڕاستی نموونەکان ئەوەندە زۆرن ناگونجێ لێرەدا باسیان بکەم و ئاماژەیان پێ بدەم، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەداخەوە، دەرەتان لەو بوارەشەوە وەک هەموو بوارەکانی دیکە لە کوردستان لە چاو شوێنەکانی تری ئێران کەمە، ساڵۆنی وەرزشی هەم کەمە و هەم کەرستەی باش و تەواویان تێدا نیە، هەندێک لە وەرزشە ڕەسمییەکان لە کوردستان سنووردار کراون و لاوان و ڕاهێنەرە وەرزشیەکانیش چاوەدێریی ناڕاستەوخۆیان لەسەرە. ئەوە نیشانی دەدا کە کورد حەزی تایبەتی بە وەرزش هەیە و بۆی گرینگە بەڵام دڵنیام ئەگەر دەرفەتی باش و گونجاو هەبێ، لاوانی کورد دەتوانن لە ئاستی جیهانیدا بدرەوشێنەوە و زیاتر نیشاندەر و دەرخەری نەتەوەکەیان بن و ئاڵاکەی بەرز بکەنەوە.

_ ڕوانگەی ئێوە وەک وەرزشکارێکی کورد لەسەر ڕێژیمی ئێران بە نیبسەت بواری وەرزش و ورزشوانانی کورد چییە؟

ڕێژیمی ئێران، ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکە، لە ڕێژیمێکی وادا هەموو شت دەبێ لەپێناوی ئیدئۆلۆژیەکەدا بێ و ئەگەر نەبێ پێشی پێدەگیرێ، لەو ڕێژیمەدا وەرزشوانێک لە ئێران، بۆی نیە لەگەڵ وەرزشوانێک لە ئیسراییل کێبڕکێ بکا کە ئەوە بە پێچەوانەی ڕووحیەی وەرزشیە، یەکێک لە ئامانجەکانی وەرزش و جام و موندیالە وەرزشییەکان، لێک نزیک کردنەوە و پێکەوە ناسیاوکردنی نەتەوەکان و پەرەپێدان بە ئاشتی لە نێوانیان دایە. لە لایەکی تریشەوە، تەنانەت وەرزشوانەکان کە لە ئاستی جیهانیدا براوە دەبن ناچار دەکرێن خەڵاتەکانیان پێشکەش بە ڕێژیم و ڕێبەران و ئیمامەکانیان بکەن کە ئەوە لە زۆربەی کاتەکاندا بەپێچەوانەی مەیل و حەزی وەرزشوانە و زەوتکردنی ماف و کەسایەتی و ویست و ئاواتەکانیەتی و ئەگەر وانەکا ڕووبەڕووی کێشە و هەڵاوارن و ئاستەنگی دەبێتەوە. ئەوە بووە بە هۆکار کە وەرزشوانێکی زۆر ناچار بن وڵات بەجێ بێڵن و لە وڵاتانی تر خۆیان ببیننەوە و ئەگەر شانازیەکیشیان تۆمار کرد بۆ ئەو وڵاتانە بێ. لە ڕێژیمێکی وەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە ڕاستیدا وەرزش بۆ وەرزش و ئامانجە وەرزشییەکان نیە و وەرزش ئامرازێکە بۆ هێنانە دیی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خودی ڕێژیم یان هەستە پان ئێرانییەکانیان کە ئەوە بووە بە هۆکاری دڵساردیەکی زۆر لە نێو وەرزشوانان و بەتایبەتی وەرزشوانانی نەتەوە غەیری فارسەکان و لە ناویاندا نەتەوەی کورد.