کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیەندرا

12:13 - 10 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بڵاو کردەوە و لەو ئاکامەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەکراوە.

بەپێی ئەو ئاکامە کۆتاییە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە پەسند کراوە، ڕەوتی "سەدر" بە ڕێبەریی "موقتەدا سەدر" بە هێنانەوەی ٧٣ کورسیی پارلمانی عێراق بوو بە یەکەم و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایی بە سەرۆکایەتیی "نووری مالکی" بە ٣٣ کورسی دووەم و پارتی دێموکراتی کوردستان بە ٣١ کورسی سێهەم هاتنەوە.

بەو شێوەیە ئاکامی سەرەتایی ژماردنی هەڵبژاردنەکان ناڕەزایەتیی توندی ملیشیا و لایەنەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتەوەکە  بە شێوەیەکی بەرچاو کورسییەکانیان لەدەست داوە.

بە گشتی پێنج کورسی لە ٣٢٩ کورسیی پارلمان لە ڕەوتی پێداچوونەوەی کۆتاییدا گۆڕانکاریی تێدا کرا بەڵام گۆڕانکارییەک لە کورسیی ملیشیا و لایەنەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیراندا نەهاتە ئاراوە.