کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئاکۆ جەلیلیان" خەڵاتی وێژەی باشووری پێ بەخشرا

12:11 - 8 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: "ئاکۆ جەلیلیان" لەلایەن دەستەی ڕاوێژکاری یەکەمین خولی خەڵاتی وێژەی باشوورەوە هەڵبژێردرا و ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا.

ناوەندی فەرهەنگی و چاپەمەنیی باشوور داوای لە ٣٠ کەسی خاوەن قەڵەم و خاوەن ڕا کردبوو کە لە بوارە جیاوازەکانی فەرهەنگی و ئەدەبی، سێ کەس بەربژێر بکەن، هەتا خەڵاتی وێژەی باشووری پێ ببەخشرێت.

دوای ئەو داواکارییە، ئەو ٣٠ کەسە سەرجەم ٢٢ کەسیان بەربژێر کرد و لەنێو ئەو ٢٢ کەسە، "ئاکۆ جەلیلیان" زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا و خەڵاتی وێژەی باشووری پێبەخشرا.

ناوبراو بەرهەمی زۆر ناوازەی وەک: "فەرهەنگی وشەی کوردی ـ کوردی ـ فارسی، ڕۆمانی ئاگرمەلووچ (یەکەمین ڕومانی کوردیی باشوور)، تاریکخانه بەرگی یەکەم، کرماشان (ناسنامەیەکی نوێ بۆ مێژووی کۆن)، سیمینە و زەڕینه ٥ بەرگ (مەتەڵی کوردی، پەندی پێشینییان، باوەڕ و شێعری فۆلکلۆر) و داستانی ڕەنگنامە"، هەیە.

گەورەترین بەرهەمی "ئاکۆ جەلیلیان"، ئێنسکۆپیدیای "کوردیکا"یە.

فەرهەنگی کوردیکا، تەواوی زاراوەکانی کەلهوڕی، کرمانجی، سۆرانی، لەکی، لوڕی و شەبەکیی، لەخۆ گرتووە.

"ئاکۆ جەلیلیان" ماوەی چەند ساڵ بە شێوەی مەیدانی کاری لەسەر ئەو ئێنسکۆپیدیایە کردووە و بە یەکێک لە فەرهەنگە دەوڵەمەندەکان لە بواری وشە بە ئەژمار دێت.

"جەلیلیان"، نووسەر، لێکۆڵەر، زمانناس و فۆلکلۆرناسی کورد، ساڵی ١٣٥٠ لە شاری شائاباد لەدایک بووە.