کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداریی دامەزرانی کۆمیتەی هاوکاریی هێزه سیاسییە کوردستانییەکان له رۆژئاوای کانادا

14:53 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە رۆژئاوای کانادا بە بڵاو کردنەوەی ئاگادارییەک دامەزرانی خۆی راگەیاند.
نوسخەیەک لەم راگەیەنراوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
یەک بوون وەک تەنیا رێگای رزگاری، ئاواتی هەمیشەیی دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەلەکەمانە و بەتایبەت بۆ کۆمەڵگای کوردی لە تاراوگە، ئەم یەک بوونـە زۆر پێویست‌ترە هەر تاکێکی کورد لە دەرەوەی وڵات نوێنەری گەلەکەیەتی بۆ ناساندن و بە جیهانی کردنی پرسی نەتەوەکەی و ئەم پرسە تەنیا لە ئەگەری یەک بوون و هاوکاری و یەک دەنگیدا دێتە دی.
بۆ ئەوانەی ژیانی تاراوگە بە درێژەی خەبات بۆ رزگاری و بەرخۆدان دژی داگیرکەران دەزانن و خۆیان بە بەرپرس دەزانن بۆ پرسی نەتەوایەتی و نەهێشتنی ژێردەستی و دابین بوونی مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورد و هەم بۆ ئەو کەسانەی بە هیوای ژیانێکی هێمن و دڵخواز نیشتەجێی تاراوگە بوون، یەک بوونی دەنگی کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەست و ماف زەوت کراو، هەم مەجالی خزمەتی نەتەوایەتی دەرەخسێنێت و هەم شوێندانەر دەبێت لەسەر بەدواداچوون و چارەسەریی کێشەی ژیانی تاراوگە.
بە خۆشییەوە، سەرەڕای پەرتەوازەیی و کەم بوونی ئەزموونی سەرکەوتووی هاوکاری لەنێو کوردەکانی تاراوگە بەگشتی و نەبوونی رێکخراوی سینفی و NGOی گشتگیر و شوێندانەر، رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لە دەرەوەی وڵات کەم و زۆر بەردەوام بوون لە پێوەندی و هاوکاری. ئەم ئاستە لە هاوکاری نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەگەرچی لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نەبووە، بەڵام بۆتە ئەزموونێکی نوێ لە هەڵگرتنی سنوورەکان و گەشە پێدان بە بیری نەتەوەیی و رۆحی هاوکاری. لە ئاکامی ئەم ئەزموونەدا دەبینین ئێستا لە چەند وڵاتدا کۆمیتەی هاوکاری دامەزراوە و لە بەرانبەر پرسە نەتەوەییەکاندا، گوتاری کورد وێکچوونی زیاتری پێوە دیارە.
هەر لە درێژەی ئەم رەوتەدا و لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوایەتی و بە هیوای گەیاندنی پرسی کورد بە حکوومەت و خەڵکی کانادا، ئێمە ئەو چەند پارت و رێکخراوەی خوارەوە، بڕیارمان داوە بە دامەزراندنی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە رۆژئاوای کانادا.
ئەم کۆمیتەیە، وێرای ریزگرتن لە سەربەخۆیی سیاسی هەر یەک لە ئەندامان، هەوڵ دەدات بۆ ناساندنی پرسی کورد لە کانادا، یەک هەڵوێستی لە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەت و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و کەسایەتییە ناسراوەکانی کانادا، هاوکاری لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ چارەسەریی کێشەی تایبەت بۆ کۆمەلەی کوردی کانادا و بەرەنگار بوونەوەی هەوڵی ناحەزان و داگیرکەرانی گەلەکەمان بە شێوازێکی مودێرن و دێمۆکراتیک، لە چوارچیوەی یاساکانی وڵاتی کانادا.
ئەم کۆمیتەیە بە هیچ شێوەیەک نە بەدژی هیچ کەس و لایەنێک پێکهاتووە و نە هەوڵی هیچ چەشنە دژایەتییەکیش دەدات. هەروەها، ئەگەرچی کۆمیتەی هاوکاری، کۆمیتەیەکی سینفی ــ سیاسییە، خۆی بە هاوکار و پشتیوانی کار و تێکۆشانی تاک و لایەنە کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت.
ئەندامانی پێکهێنەری کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ــ رۆژئاوای کانادا بریتین لە:
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
پارتی دێمۆکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
رێکخراوی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد لە سووریا

تێبینی: ئەم چەند لایەنە، وەک دەستپێشخەر و پێکهێنەری کۆمیتەی هاوکاری ناویان هاتووە و بە مانای داخراویی کۆمیتە نییە و بۆی هەیە لە داهاتوودا حیزب و لایەنی دیکەی پێوە زیاد بکرێت.
کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان ــ رۆژئاوای کانادا