کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگر دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێنێت

11:37 - 11 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئاگرە بەئەنقەسەتەکانی ڕێژیم هەر ڕۆژەو بەشێک لە دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دارستانەکان و لەوەڕگەکانی پشت ئەشکەوتی قووری‌قەڵا لە شار پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئاگری گرتووە و ئەو ئاگرە هەتا ئێستەش هەر بەردەوامە.

خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆبەخشانە لە هەڵمەتێکدا کۆ بوونەوتەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و داواین لە بەرپرسانی ڕێژیم و چالاکانی ژینگەپارێز کردووە کە بە هانایانەوە بچن.

شەپۆلێکی نوێ لە ئاگرگرتنی دارستانەکانی کوردستان دەستی پێ کردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا، ئاگرێکی بەربڵاو، شاخەکانی ناوچەی "ملیە سیلـ"ـی کەبیرکۆ لە مەڵکشای سەر بە پارێزگای ئیلامی گرتووەتە بەر و بەربڵاوی ئاگرەکە لە ئاستێکدا بووە، کە دارستانەکانی کومامین تا ئەزبوەسانی لە خۆ گرتووە.

بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە پەرەسەندنی ئەو ئاگرە لە ئاستێکدا بووە، کە خەڵک توانایی نزیکبوونەوە و کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان نەبووە و جێگەی ئاماژەیە کە دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم و بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام، لە رۆژی یەکەمی ئاگرگرتنەوەکە هیچ کارێکیان نەکردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، هەروەها دارستانەکانی کەبیرکۆ لە حاڵی سووتاندان.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دارستانەکانی پیلە و سلسێ لە ناوچەی مەریوان سەر بە پارێزگای سنە، گڕیان گرتبوو کە بەداخەوە لەو ئاگرەدا، چوار کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان، کە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، گیانیان لەدست دا و لە نێو خەڵک بە شەهیدانی ژینگە ناودێر کران.

بەگشتی سووتاندنی دارستانەکان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان، لە پیلانە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەات کە ژینگەی کوردستان تێک بدات.