کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگر، هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی "سەرپێڵ زەهاو" دەکات

13:37 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٤٠٠ هێکتار لە مەزرا، لەوڕگە و پووش و پاوانی شارستانی "سەرپێڵ زەهاو"، لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، سەدان هێکتار لە مەزراکانی خەڵک و هەروەها لەوڕگەکانی شارستانی سەرپێڵ زەهاو، بوون بە نێچیری ئاگر.

شەوی ڕابردوویش، مەزراکانی دەوروبەری سەرپێڵ زەهاو ئاگری تێ بەردرا و ئاگرەکە نزیکی خانووی هاووڵاتییان بووەوە و هەڕەشەی لە گیان و ماڵی هاووڵاتییان کرد.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ئاگرانە زۆرتر لە لایەن خەڵکەوە و بە یارمەتیی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئەم شارە، کۆنترۆڵ کراوە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: "هەرچەند بەرزیی پلەی گەرما، لە هۆکارەکانی ئەم ئاگرکەوتنەوانەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکی بۆ ئاگردانی بەئەنقەست دەگەڕێتەوە. هەروەها شەوی ڕابردوو، ئاگر بە جیددی هەڕەشەی لە گیان و ماڵی خەڵک دەکرد."

ئەم هاووڵاتییە بە ئاماژەدان بەوەی کە خەڵکی ئەم شارستانە ڕۆڵی سەرەکییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا هەبووە، ڕایگەیاند: "هێشتا لە ڕێژەی خەسارەکانی ئەم ئاگرکەوتننانە زانیاریی ورد لەبەردەستدا نییە و هەرچەند ڕێژیم باس لە سووتاندنی ٢٧٠ هێکتار لە زەوییەکان دەکەن، بەڵام، نزیکەی ٥٠٠ هێکتار لە مەزرا، لەوڕگە و پووش و پاوانی شارستانی سەرپێڵ زەهاو، لە ئاگردا سووتاون."

ئەم ئاگرکەوتنانە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی شارستانی سەرپێڵ زەهاو لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن و لە ئێستایشدا ئاگر هەڕەشە لە گیان و ماڵیان دەکات و ڕێژیمیش بە هانایانەوە ناچێت.