
کوردستان میدیا: ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەست نەیارانی ژینگەی کوردستان بەردەوامە و نیگەرانی و بێزاریی ژینگەپارێزان و خەڵکی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ١١ی خەرمانان، بۆ جارێکی تر دارستان و لێڕەوارەکانی "کانی قوڵەجان" و گوندی "بێلوو"ی شاری مەریوان، بە ڕۆژی ڕووناک و لە ٨ شوێنی جیاوازدا، ئاگری تێبەردراوە.
ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە ئەم شوێنە ئاگری تێ بەردەدرێت، بەڵام ئەم جارە بووەتە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆر و بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە.
یەکێک لە هاووڵاتییان باس لەوە دەکات کە کەسێکی گوماناوی ئاگری لەو دارستانە بەرداوە و هەڵاتووە و کاتێک کە شوینی دەکەون و لە هۆکاری کردەوەکەی دەپرسن، خۆی بە "شێت" دەناسێنێت.
بەهۆی هەڵکردنی "با" و ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵانی پێشوو، تەشەناسەندنی ئاگرەکە و ڕێژەی زۆری شوێنە ئاگر تێبەردراوەکان، لێڕەوارەکانی ئەو دارستانە بوون بە خەڵووز.
ئەم ئاگرانە بە هەوڵی خەڵک و ژینگەپارێزانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی "چیای سەوز"، کوژێندرایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ١١ی خەرمانان، لێڕەوار و دارستانەکانی دەوروبەری شاری "نۆدشە" تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو کە بە هەوڵی ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کوژێندرایەوە و ژینگەپارێزێک بە ناوی "نەزیر ڕەمەزانی"، بەهۆی داڕمانی کێوەوە، بریندار بوو.