سەرەڕای خواستی چەند وڵاتی عەرەبی و ڕێکخراوەی نەتەوه یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ، ئەمڕۆ هەینی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو ئاگربەستە، فەلەستینییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و شاییان کرد.
"جۆ بایدن" سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وتی: "ئاگربەست دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بۆ پێشکەوتن ڕەخساندووە و واشنتۆن پشتگیری لە مافەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر گرووپە تێرۆریستییەکاندا".
دەوڵەتی ئیسرائیل وتوویەتی: "لەو شەڕەدا دەسکەوتی نیزامیی ئیسرائیل لە شەڕ دژی حەماس و گرووپەکانی دیکەی فەلەستین بێ وێنە بووە".
بەشێک لە ئەندامانی حیزبی ڕاستگەرای ئیسرائیل دژی ئاگربەست، ڕەخنەی توندیان لە دەسەڵاتی نێتانیاهوو گرتووە.
ئیسرائیل و فەلەستین زیاتر لە یەک دەیەیە سێ جار بە دژی یەکتر کەوتوونەتە شەڕ و لە دوای چەند حەوتوو ئەو شەڕە بە نێوبژیوانیی وڵاتانی میسر، قەتەر و کۆمەڵگای جیهانی کۆتایی پێ هاتووە.
شەڕ و ململانێی نێوان وڵاتی ئیسرائیل و فەلەستین ١١ ڕۆژی خایاند کە ٢٤٠ کوژراوی لێکەوتووەتەوە و زۆربەی کوژراوەکان لە شاری غەزە بوونه.
ئەو شەڕە لە دوای هێرشەکانی حەماس و جەهادی فەلەستین بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هاتە ئاراوە.