کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرتێبەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان لە لایەن مۆرەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە

13:22 - 15 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی پیلانەکانی ڕێژیمدا، لە لایەن مۆرە و بەکرێگیراوانیەوە، هێرشی ئاگردان بۆ سەر شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان بەردەوامە.

ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، له درێژەی پیلانەکانیدا، فوکوسی کردووەتە سەر تێکدان و کاولکاریی ژینگە، سروشت و شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکانی کوردستان.

لە نوێترین قوناغی ئەو پیلانەی ڕێژیمدا، جیا لەوەی کە چەندین جار هێرشی ئاگرتێبەردانیان کردووەتە سەر شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکانی سنە و مەریوان، لەم جارەیاندا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنە گەشتیارییەکانی شاری مەهاباد و دارەکانی پارکی میللەتی ئەو شارەیان ئاگر تێبەرداوە.

بەپێی بڵاوکراوەی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان، لە ماوەی ۳ مانگی ڕابردوودا، ۱۹۰ حاڵەتی ئاگرتێبەردان تەنیا لە شاری مەهاباد و دەوربەریدا ڕووی داوە، کە ۱٦٥ حاڵەتیان لەنێو خودی شار و ۲۵ حاڵەتیشیان لە ناوچەکانی دەوربەری ئەو شارەدا ڕوویان داوە.

هەروەها لە ساڵی ڕابردووشدا، هەتاکوو ئێستا، ۱۱٦ جار مەزرا، باخات و زەوی و کشتوکاڵی خەڵکی ناوچەکانی دەوربەری شاری مەهاباد ئاگریان تێبەردراوە و زەحمەت، ئەرک و ماندووبوونی خەڵکی ئەو ناوچانە بە خەسار دراون و بەرامە و بەرهەمی ئەو باخات و کشتوکاڵانەش بە فیڕۆ چوونە.